ئه‌وقاف هۆشداریى ده‌داته‌ لیست و كاندیده‌كان

هەواڵ / کوردستان :: 11/04/2018‌ :: 679‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێژنه‌ عه‌لى
وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى حكومه‌تى هه‌رێم هۆشداریی ده‌داته‌ لیست و كاندیده‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق كه‌ شوێنه‌ ئاینییه‌كان بۆ مه‌به‌ستى بانگه‌شه‌ به‌كارنه‌هێنن.

نه‌به‌ز ئیسماعیل، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "وه‌زاره‌ته‌كه‌یان رێنمایی بۆ كاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق ده‌رده‌كات كه‌ نابێت هیچ لیست و كاندیدێك شوێنه‌ ئاینییه‌كان بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌كاربهێنن، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌ر كه‌سێك ئه‌و كاره‌ بكات و فه‌رمانبه‌رى ئه‌وان بێت، رێكارى یاسایى و كارگێڕى به‌رامبه‌ر ده‌گرنه‌به‌ر".

بڕیاره‌ رۆژى 14ى نیسانى 2018 بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق له‌ پارێزگاكانى عێراق و 15ى نیسانیش له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ستپێبكات، رۆژى 12ى ئایارى 2018یش هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراقه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure