كۆمسیۆن هۆشداری دەداتە لایه‌نە سیاسییەکان

هەواڵ / کوردستان :: 11/04/2018‌ :: 417‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
كۆمسیۆنی باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا پابه‌ندی رێنماییه‌ ژینگه‌یی و یاساییه‌كان نه‌بێت سزاده‌درێت، ده‌ڵێت "له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا گرێبه‌ستی چاودێرانی سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان واژۆ ده‌كرێت".

 
ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ 11ی نیسان، ده‌سته‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌ن و قه‌واره‌ سیاسییانه‌ كۆبوویه‌وه‌ كه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق-یان كردووه‌. 

دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌ مازن عه‌بدولقادر، به‌رپرسی ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای عێراق له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند "له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا گرێبه‌ستی چاودێرانی سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان واژۆ ده‌كرێت".

وتیشی "له‌ 14ی ئه‌م مانگه‌وه‌ بانگه‌شه‌ ده‌ستپێده‌كات و به‌هۆی یادی ئه‌نفال-یش 15 مانگ له‌ هه‌رێمی كوردستان بانگه‌شه‌ ده‌ستپێده‌كات".

به‌رپرسی ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ئه‌مڕۆ ئاگاداركرانه‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌بێت پابه‌ندی رێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ژینگه‌ پارێزی ببن و هه‌ر لایه‌نێكیش سه‌رپێچی بكات به‌ سزای مادی سزاده‌درێت و رووبه‌ڕووی یاساش ده‌كرێته‌وه‌. 

له‌باره‌ى شێوازى هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئاماده‌كارییه‌كانى كۆمسیۆن  ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆمسیۆنی عێراق روونیشیكرده‌وه‌، هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی عێراق به‌ ئامێرێكی نوێ ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ فه‌رمانبه‌ران راهێنانیان له‌سه‌ر ئه‌م ئامێره‌ پێكراوه‌ و تا كاتی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش كارمه‌ندانی كۆمسیۆن له‌ راهێنانه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌یه‌كه‌ به‌ پاكی به‌ڕێوه‌بچێت.

ئاشكراشیكرد، هه‌زار و 257  بنكه‌ى ده‌نگدان و 7 هه‌زار و 400 ناوه‌ندى ده‌نگدان ئاماده‌ن. له‌ هه‌ولێر 498 بنكه‌ى ده‌نگدان و له‌ سلێمانى 596 بنكه‌ى ده‌نگدان ئاماده‌كراون، كه‌ به‌ گشتى له‌ پارێزگاى هه‌ولێر دوو هەزار و 500 ناوه‌ند و له‌ پارێزگاى سلێمانى دوو  هەزار و 900 ناوه‌ند و له‌ پارێزگاى دهۆكیش هەزار و 600 ناوه‌ند ئاماده‌كراون و كاریان تێداكراوه‌.

هاوكات سه‌مه‌د محه‌مه‌د، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى پاراستنى ژینگه‌ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، شوێنه‌ گشتى و پاركه‌كان و شوێنه‌ فه‌رمییه‌كانى حكومه‌ت و ترافیك لایت و هێماكانى هاتووچۆ قه‌ده‌غه‌یه‌ بۆ هه‌ڵواسینى ڕیكلامه‌كان و ئامێری بڵند گۆش قه‌ده‌غه‌یه‌، هه‌روه‌ها ده‌بێ پۆسته‌ر و برۆشۆره‌كان به‌ تێپ یان به‌ مادده‌یه‌كى ئاسایی لێبدرێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ئاسانى لێبكرێته‌وه‌.
 
هێمای بۆئه‌وه‌شكرد، پێویسته‌ لایه‌نه‌كان تۆڕه‌كانى ئه‌نته‌رنێت و میدیا به‌كاربهێنن، ناشبێت به‌ كه‌ژاوه‌ى ئۆتۆمبێل به‌ ڕێگادا بڕۆن.

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure