داوای خانه‌نشینكردنی رۆژنامه‌نووسان ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 10/04/2018‌ :: 373‌ جار بینراوە

تاگ :: میدیا

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان داوا ده‌كات رۆژنامه‌نوسان له‌ دوای بیست ساڵ له‌ كاری رۆژنامه‌وانی وه‌ك هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكی تری حكومه‌ت خانه‌نشینبكرێن. 


ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 10ی نیسانی 2018 هه‌ریه‌كه‌ له‌ لیژنه‌كانی یاسایی، دارایی و رۆشنبیری له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌. 

له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئازاد حه‌مه‌دئه‌مین، نه‌قیبی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پڕۆژه‌مان ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌نووسانیش وه‌ك سه‌ندیكاكانی تر خانه‌نشینی بیانگرێته‌وه‌ و ماف و ئیمتیازاتیان بۆ ئه‌ژماربكرێت". 

نه‌قیبی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان وتیشی "داوامان كردووه‌ رۆژنامه‌نووس له‌ دوای بیست ساڵ له‌كاری رۆژنامه‌گه‌ری به‌ مووچه‌یه‌كی دیاریكراو خانه‌نشین بكرێت". 

ئازاد حه‌مه‌د ئه‌مین، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پڕۆژه‌كه‌یان ورده‌كاری زیاتری تێدایه‌ و پێویسته‌ له‌ په‌رله‌مان بكرێته‌ پڕۆژه‌یاسا و ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ یاسا و به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ رۆژنامه‌نوسان ماف و ئیمتیازاته‌كان بیانگرێته‌وه‌. 

له‌ ئێستادا 13 رۆژنامه‌نووس له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ بڕی 300 هه‌زار دینار خانه‌نشینكراون، له‌و باره‌یه‌وه‌ ناوبراو وتیشی "له‌ لیژنه‌كانی په‌رله‌مانمان پرسیوه‌ له‌ دوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای چاكسازی خانه‌نشینی مووچه‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ خانه‌نشینكراوانه‌ هه‌روه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه‌ یاخود زیاد ده‌كرێت، چونكه‌ ناكرێت رۆژنامه‌نووس به‌و مووچه‌ كه‌مه‌ خانه‌نشینبكرێت و پێویسته‌ زیادبكرێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە