کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکان بەبێئەنجام دواخرا و داوادەکەن حکومەت بچێتە پەرلەمان

هەواڵ / کوردستانی :: 10/04/2018‌ :: 235‌ جار بینراوە

تاگ :: پەرلەمان

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
دوای دوو کۆبوونەوە لە بەیانی و ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 10ی نیسانی 2018ی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە پرۆژەی چاکسازی کە تا کاتژمێر 4:30ی پاشنیوەڕۆ بەردەوامبوو، بەبێ هێج ئەنجامێک بۆ رۆژی دووشەممە دواخرا.


ماجد بازرگان سەرۆکی فراکسیۆنی هەولێری تورکمانی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی هه‌ردوو لیژنه‌ی دارایی و یاسایی و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان زیاتر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی راوێژكاری و گفتوگۆ بوو له‌باره‌ی چۆنێتی ده‌ستكاریكردنی یاسای چاكسازی، خانه‌نشینی، ده‌رماڵه‌ و ئیمتیازاته‌كان و پەسەندکردنی پڕۆژەکە، بەڵام دوای دووجار کۆبوونەوە لە بەیانی و پاشنیوەڕۆ بەبێ ئەنجام کۆتاییهات".

وتیشی "داوامانکردوە هەفتەی داهاتوو رۆژی دووشەممە کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی پرسەکە یەکلابکرێتەوە و بتوانرێت پڕۆژەکە پەسەند بکرێت و تێبپەڕێنرێت، بۆیە چاوەڕوان دەکەین تا رۆژی دووشەممەی داهاتوو، چونکە ئەمڕۆ تاکو 4 ونیوی ئێوارە کۆبوونەوە بەردەوامبوو نەگەیشتین بەڕێککەوتن".

هەر لەبارەی کۆبوونەوەکە، بەهزاد دەروێش سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بە دواڕٶژی راگەیاند، داوامانکردووە کە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجامبدرێت رۆژی پێنجشەممە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان قبوڵی نەکردووە، ئەگەرچی 29 واژۆی بۆ کۆکراوەتەوە.

وتیشی "سەبارەت بە هەندێک بڕگە و ماددەی پڕۆژەکە، داوامان لە حکومەت کردوە وەزیری دارایی و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران بێنە پەرلەمان و لەگەڵ لیژنەکانی یاسایی و دارایی و سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆببنەوە تا ئەو تێبینییانەی کە هەیە چارەسەر بکرێت، ئەگەر لەدانیشتنی نائاساییش نەبێت دەکرێت لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو بێت".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure