لێدوانی كچه‌ دۆزراوه‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ لەبارەی بڕیارەکەی دادگا

هەواڵ / کوردستان :: 10/04/2018‌ :: 602‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
دواى 12 دانیشتنى دادگاى سلێمانى له‌باره‌ى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى دۆسیه‌ى (مریه‌م باروتجییان) كه‌ به‌هاوناز ئه‌حمه‌د ناسرابوو، یه‌كێك بوو له‌ منداڵه‌ دۆزراوه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ 10ی نیسانی 2018 دادگا بڕیاریدا كه‌ مریه‌م، هاوناز نیه‌، به‌ڵام هه‌موو به‌ڵگه‌كان ئه‌وه‌ ده‌سلێمنن منداڵێكى ونبووى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌.


مریه‌م باروتجیان كه‌ به‌ مریه‌م هه‌ڵه‌بجه‌یى، ناسراوه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له‌ كۆتا دانیشتنى دادگادا به‌ ئاماده‌بوونى پارێزه‌ره‌كه‌م، دادوه‌ر بڕیاریدا كە ناوى هاوناز له‌ من وه‌ربگرێته‌وه‌ و بمكاته‌وه‌ به‌ مریه‌م، هاوكات هه‌ر ئه‌مڕۆش به‌ بڕیارى دادگا سه‌رجه‌م ناسنامه‌ و به‌ڵگه‌كانم كه‌ به‌ناوى هاوناز ئه‌حمه‌ده‌وه‌ ده‌ركرابوون لێمسه‌ندرانه‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، دادگا ئه‌وه‌ى یه‌كلاكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ من منداڵێكى ونبووى هه‌ڵه‌بجه‌ییم، به‌ڵام من ئه‌و منداڵه‌ نیم كه‌ ناوى هاونازه‌ و دایكم ناوى گێلاسه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ بۆ قۆناغه‌كانى داهاتوو له‌گه‌ڵ منداڵه‌ دۆزراوه‌كانى دیكه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ دۆسیه‌كه‌م یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌، بۆیه‌ من خۆم به‌ منداڵێكى هه‌ڵه‌بجه‌یى ده‌زانم و بڕیاریشم نه‌داوه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئێران.

مریه‌م هه‌ڵه‌بجه‌یى ئه‌وه‌شى وت "تائێستا دیار نییه‌ كه‌ ئاخۆ لایه‌نى ئێرانى چ بڕیارێك له‌باره‌ى منه‌وه‌ ده‌ده‌ن به‌ تایبه‌ت له‌باره‌ى لێسه‌ندنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌نامه‌ و ناسنامه‌ ئێرانییه‌كه‌م، بۆیه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئێستا له‌دۆخێكى ده‌رونى زۆر ناجێگیردام و نازانم چاره‌نوسم به‌چى ده‌گات".

وته‌كانى مریه‌م هه‌ڵه‌بجه‌یى له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ نزیكه‌ى ساڵێكه‌ دادگاى سلێمانى له‌سه‌ر سكاڵاى كه‌سوكارى هاوناز ئه‌حمه‌د ده‌ستى به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كردووه‌ له‌باره‌ى ڕاستى و دروستى ئه‌و پشكنینانه‌ى كه‌ بۆ مریه‌م كرابوو كه‌ گوایه‌ (مریه‌م) هاوناز ئه‌حمه‌ده‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure