عێراق له‌ چاره‌كى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵدا 30 كاروان غاز هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ كردوه‌

هەواڵ / ئابوری :: 10/04/2018‌ :: 231‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
وه‌زیرى نه‌وتى عێراق ئاشكرایكرد له‌ چاره‌كى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵى 2018 دا كۆمپانیاى غازى به‌سره‌ 188.84 مه‌تر سێجا غازى چڕكراو و 73.74 هه‌زار ته‌ن مه‌ترى غازى شڵى هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ كردوه‌.

به‌پێى به‌یاننامه‌یه‌كى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق، كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 10ى نیسان بڵاویكردۆته‌وه‌، جه‌بار لعێبى وه‌زیرى نه‌وتى عێراق رایگه‌یاندوه‌ كۆمپانیاى غازى به‌سره‌ له‌ سێ مانگى یه‌كه‌مى یه‌مساڵدا 9 كاروان  چڕكراوه‌ى غاز و 21 كاروان غازى شلى هه‌نارده‌ كردوه‌.

به‌یاننامه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌ داهاتى فرۆشتنى غازه‌كه‌ نه‌كردوه‌، به‌ڵام له‌ساڵى 2017 عێراق 80 كاروان غازى هه‌نارده‌ كردوه‌ و داهاته‌كه‌شى 252 ملیۆن دۆلار بووه‌ .

لعێبى پێشبینى ئه‌وه‌شیكردوه‌ ئاستى هه‌نارده‌ى غاز له‌مساڵدا به‌به‌راورد به‌ساڵى 2017 زیاد ببێت.

عێراق خاوه‌نى 137 ملیار پێ سێجا غازى سروشتیه‌ له‌ریزبه‌ندى یانزه‌هه‌مینى وڵاتانى جیهانه‌ بۆ بوونى یه‌ده‌گى غاز و 70% ئه‌و غازى هاوشانه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌رهێنانى نه‌وتدا دێته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌فیڕۆ ده‌ڕوات. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure