له‌باره‌ى زیادبوونى نه‌خۆشى سیل له‌عێراقدا هۆشداریی ده‌درێت

هەواڵ / عێراق :: 11/04/2018‌ :: 479‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
رێكخراوى كۆچى نێوده‌وڵه‌تى ئاشكرایده‌كات، رێژه‌ى تووشبوون به‌نه‌خۆشى "سیل " له‌ عێراق زیادیكردووه‌ و به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێمى كوردستانیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، رێژه‌ى تووشبوون له‌ هه‌رێم به‌راورد به‌ عێراق ڕوو له‌كه‌مبوونه‌وه‌یه‌ و زیادى نه‌كردووه‌.


رێكخراوی كۆچى نێوده‌وڵه‌تى له‌ ڕاپۆرتێكیدا كه‌ له‌سه‌ره‌تاى مانگى نیسانى 2018 بڵاویكردوەته‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌ئامارێكی ته‌ندروستی جیهانی داوه‌ ده‌رباره‌ی نه‌خۆشى "سیل" له‌ عێراقدا كه‌ تێیدا ئاشكرایكردووه‌، له‌ كۆی 100 هه‌زار كه‌س 43 كه‌س توشی نه‌خۆشییه‌كه‌ بوون، ئه‌و رێژه‌یه‌ بە بەرزترین‌ ڕێژه‌ داده‌نرێت به‌راورد به‌ وڵاتانى ده‌وروبه‌ر.

رێكخراوه‌كه‌ ڕاشیگه‌یاندوه‌، نەخۆشی سیل لەنێو ئاوارەکان و پەنابەران لەگەڵ کۆمەڵگەکانی تر کە قەیرانەکان کاریگەری بەسەریانه‌وه‌ هەبووە بڵاوبوەتەوە، هۆكاره‌كه‌شى به‌هۆى نزمبوونەوەی بەرگری لەش بوو  لەبەر کەمخۆڕاکی و بارودۆخی ژیانێکی نادروست.

نیزال عۆدە، سەرۆکی بەشی تەندروستی بۆ باری له‌ناکاو لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا، ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌، پێکدادانی درێژخایەن و رێگرتنی چارەسەرکردن بەهۆی سەختبوونی گەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشی سیل و پشتگوێخستنی وەرگرتنی دەرمانی شەش مانگ، له‌ هۆكاره‌كانی زیادبوونی نەخۆشییه‌كه‌ن له‌ عێراقدا.

ده‌شڵێت "ڕێکخراوی کۆچ بە هاوبەشى لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى عێراقى هه‌وڵی نه‌هێشتن و كۆنتڕۆڵكردنی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ ده‌ده‌ن".

له‌وباره‌یه‌وه‌ خاڵس قادر، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ دواڕۆژ، ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو، خۆشبه‌ختانه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌راورد به‌ شاره‌كانى دیكه‌ى عێراق  كه‌مترین حاڵه‌ته‌كانى نه‌خۆشى سیلى تێدا تۆماركراوه‌ و هیچ مه‌ترسییه‌كیش له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان نییه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure