هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق:
له‌كۆى 24 ملیۆن ده‌نگده‌ر 9 ملیۆنیان كارتى ده‌نگدانیان وه‌رگرتوەته‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: 10/04/2018‌ :: 326‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
به‌پێى ئاماره‌كانى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌ كۆى زیاتر له‌ 24 ملیۆن ده‌نگده‌ر ته‌نیا نۆ ملیۆنیان كارتى ده‌نگدانیان وه‌رگرتوەته‌وه‌ و له‌و ژماره‌یه‌ش یه‌ك ملیۆن و نیویان له‌ هه‌رێمى كوردستانن.

بڕیاره‌ له‌ 12ى ئایارى داهاتوو هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى عێراق به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام هاوشێوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى رابردوو به‌شێكى به‌رچاوى ئه‌و كه‌سانه‌ى مافى ده‌نگدانیان هه‌یه‌ به‌ده‌م رێوشوێنه‌كانى پڕۆسه‌كه‌وه‌ ده‌چن كه‌ دیارترینیان كارتى ده‌نگده‌رانه‌.

رزگار حه‌مه‌ محێدین، جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "له‌كۆى زیاتر له‌ 24 ملیۆن ده‌نگده‌ر تائێستا 9 ملیۆن كارتی بایۆمه‌تری دابه‌شكراوه‌".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له‌ڕێی ناوه‌ند و بنكه‌كانیانه‌وه‌ چاودێری پڕۆسه‌ی دابه‌شكردنی كارتی ده‌نگدان ده‌كه‌ن بۆ رێگری له‌ هه‌ر مامه‌ڵه‌كردنێكی نایاسایی به‌و كارته‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش زنجیره‌یه‌ك رێكاریان داناوه‌ بۆ سزادان و دادگاییكردنی ئه‌و كاندید و هاووڵاتیانه‌ی به‌ڵگه‌یان له‌سه‌ر هه‌یه‌.

وتیشى "پێشتریش كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا هۆشداریدا لە دادگاییكردن ‌و سزادانی هەموو ئەو كەسانەی مامەڵەی نایاسایی بە كارتی ئەلیكترۆنی دەنگدانەوە دەكەن، لە نێویاندا كارمه‌ندانی كۆمسیۆن، حزب، لیست ‌و هاووڵاتیانی دەنگدەر".

لاى خۆیه‌وه‌ مازن عبدالقادر، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێم بۆ دواڕۆژ وتى، تاوه‌كو سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌ لە کۆی سێ ملیۆن و 140 هەزار کەس کە مافی دەنگدانیان هەیە دوو ملیۆن و 150 هەزار کەس ناویان لە سیستمی بایۆمەتری دەنگدان تۆمارکردووە کە ده‌كاته‌ له‌ 62%ی رێژه‌ى ده‌نگده‌ران.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، لە هەرێمی کوردستان لە کۆی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس کە ناویان لە سیستمی بایۆمەتریدا تۆمارکردووە تائێستا 40%یان کارتەکەیان وەرگرتووەتەوە و بڕیاریشە کۆتا بەشی کارتی دەنگدان لە بەغداوە بگاتە هەرێم بۆ دابەشکردنی بەسەر هاووڵاتیاندا.

وابڕیاره‌ له‌ 12ى ئایارى داهاتوودا هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ڕێوه‌بچێت، به‌پێى ئاماره‌كانى كۆمسیۆنیش زیاتر له‌ 24 ملیۆن هاووڵاتی مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌ بۆ دیاریكردنی 329 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure