گرژییه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌هاى لیره‌و تمه‌ن به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 09/04/2018‌ :: 1033‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى
به‌رده‌وام به‌هاى لیره‌ى توركى و تمه‌نى ئێرانى رووى له‌ دابه‌زینه‌، هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌رجیه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئه‌و دوو وڵاته‌، به‌ تایبه‌ت له‌ یه‌مه‌ن و سوریا. هاوكات ناجێگیرى به‌هاى ئه‌و دوو دراوه‌ كاریگه‌ریى زۆرى له‌سه‌ر بازاڕه‌كانى هه‌رێمى كوردستانیش دروست ده‌كات.


به‌هاى تمه‌ن و لیره‌ به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار

سه‌باره‌ت به‌ به‌هاى تمه‌نى ئێرانى و لیره‌ى توركى له‌ بازاڕه‌كاندا، جه‌بار گۆران به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمپانیاى فه‌ره‌یدون بۆ ئاڵوگۆڕى دراو به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "ئه‌مڕۆ 2 شه‌ممه‌ 9ى نیسان، نرخى 100 دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ 562 هه‌زار ته‌مه‌نى ئێرانییه‌، هه‌روه‌ها به‌هاى 100 دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ 400 لیره‌ى توركییه‌".

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "دابه‌زینى به‌هاى تمه‌نى ئێرانى به‌هۆى ئه‌و خه‌رجییانه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ گروپه‌ چه‌كدارییه‌كاندا ده‌یانكات. هاوكات گه‌مارۆى ئابوریى ئه‌مریكا كاریگه‌ریى هه‌یه‌. هۆكارێكى ترى لاوه‌كیش كه‌مى باران و وشكه‌ساڵییه‌ له‌و وڵاته‌ كه‌ بووه‌ته‌ هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌رهه‌مى هه‌نارده‌ى ئه‌و وڵاته‌".

جه‌بار گۆران وتیشى "داگیركردنى عه‌فرین و زیادبوونى خه‌رجییه‌ سه‌ربازییه‌كان كاریگه‌ریى له‌سه‌ر دابه‌زینى به‌هاى لیره‌ى توركى به‌رامبه‌ر به‌ دۆلارى ئه‌مریكى هه‌بووه‌، جگه‌له‌وه‌ش چوونى گه‌شتیار بۆ ئه‌و وڵاته‌ له‌مساڵدا كه‌متر بووه‌، به‌ڵام تا به‌هاى دراوى ئه‌و وڵاتانه‌ زیاتر دابه‌زێت به‌ قازانجى هه‌رێمى كوردستانه‌، چونكه‌ وڵاتێكى هاورده‌ین، هاوكات زیانى ئابورى گه‌وره‌ له‌و دوو وڵاته‌ ده‌دات". 

خه‌رجییه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئێران و توركیا له‌ 2018دا
له‌كاتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كرێت خه‌رجییه‌ سه‌ربازییه‌كان هۆكارێكى سه‌ره‌كین بۆ دابه‌زینى به‌هاى لیره‌ى توركى و تمه‌نى ئێرانى، له‌مساڵدا ئه‌و دوو وڵاته‌ له‌ بودجه‌ى گشتیدا خه‌رجى  سه‌ربازییان زیاتر كردووه‌.

كۆمارى ئیسلامى ئێران له‌ بودجه‌ى ساڵى 2018 دا زیاتر له‌ 10 ملیار دۆلارى بۆ خه‌رجییه‌ سه‌ربازییه‌كانى ته‌رخانكردووه‌، به‌تایبه‌ت بۆ پشتیوانى گروپه‌ چه‌كدارییه‌كان له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا.
 
به‌هه‌مانشێوه‌ حكومه‌تى توركیا له‌ بودجه‌ى ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ 23 ملیار دۆلارى بۆ خه‌رجى سه‌ربازیى ته‌رخانكردووه‌، هه‌ر له‌مساڵدا سوپاى ئه‌و وڵاته‌ به‌ پشتیوانى گروپه‌ چه‌كداره‌كان  شارى عه‌فرین-یان داگیر كرد، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ رووبه‌ڕووبونه‌ى چه‌كدارى له‌گه‌ڵ پارتى كرێكارى كوردستان(په‌كه‌كه‌)، هه‌موو ئه‌مانه‌ كاریگه‌ریى له‌سه‌ر زۆربوونى خه‌رجییه‌ سه‌ربازییه‌كانى هه‌بووه‌. هاوكات له‌ چه‌ند ڕۆژى رابردوودا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆمارى توركیا بانكى ناوه‌ندیى وڵاته‌كه‌ى به‌بێ توانا وه‌سف كرد بۆ رێگرتن له‌ دابه‌زینى زیاترى نرخى لیره‌ى توركى و له‌وه‌یشدا كه‌ بوونه‌ته‌ هۆكارى سه‌ره‌كى دابه‌زینى دراوى ئه‌و وڵاته‌.

هۆكاره‌كانى دابه‌زینى لیره‌ و تمه‌ن
له‌ وه‌ڵامى چه‌ند پرسێكدا سه‌باره‌ت به‌ هۆكاره‌كان و چۆنیه‌تى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى هاوسه‌نگى دراوه‌كانیان به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار له‌لایه‌ن بانكه‌ ناوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوو وڵات و سوود و قازانجه‌كانى ئه‌م قه‌یرانه‌، چێنه‌ر ئه‌سعه‌د مامۆستاى زانكۆ و پسپۆڕى ئابورى، بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت "دابه‌زینى به‌هاى دراو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوو هۆكار، یه‌كه‌میان ناوخۆییه‌، چونكه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ڕێگه‌ى دراوه‌كانیانه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك ئامانجى ناخۆیی به‌ده‌ستبهێنن، ئه‌وانیش بریتین له‌وه‌ى كۆمپانیاكانى ئه‌م وڵاتانه‌ كاتێك ده‌چنه‌ بوارى ركابه‌رییه‌وه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى زۆرترین به‌رهه‌میان هه‌یه‌ ده‌توانن زۆرترین داهاتیان ده‌ست بكه‌وێت".

 هاوكات ده‌توانن بڕێكى زۆرى دۆلار به‌ده‌ستبێنێت له‌ ئاڵوگۆڕى بازرگانیدا، له‌هه‌مانكاتدا یه‌ده‌گى پاره‌ بیانییه‌كان لاى خۆیان زیاد بكه‌ن. ئه‌و مامه‌ڵانه‌ى له‌ناو ئێراندا ده‌كرێت به‌ دراوه‌كه‌ى خۆى، به‌ده‌ر له‌ رازیكردنى خه‌ڵك، ده‌توانێت ئه‌و قه‌رز و تێچوانه‌ى كه‌ هه‌یه‌تى وه‌ریبگرێته‌وه‌. بۆ نموونه‌ سه‌رمایه‌دارێكى ئه‌و وڵاته‌ كه‌ قه‌رزارى حكومه‌ته‌ له‌هه‌مانكاتدا پاره‌یه‌كى زۆرى له‌ بانكه‌كانى ده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ كاتێك ده‌یگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ئێران، به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار تمه‌نێكى زۆری ده‌ستده‌كه‌وێت و قه‌رزه‌كانى ده‌داته‌وه‌، به‌مه‌ش حكومه‌ت قه‌رزه‌كانى وه‌رده‌گرێته‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ هۆكاره‌ ده‌ره‌كییه‌كانیش، چێنه‌ر ئه‌سعه‌د ده‌ڵێت "له‌ئێستادا ئێران و توركیا ده‌یانه‌وێت كۆمه‌ڵێك ئامانجى سیاسى و سه‌ربازیى بپێكن، هه‌ر كاتێك بیانه‌وێت به‌هاى دراوه‌كه‌یان به‌رز بكه‌نه‌وه‌، جارێكى تر سیاسه‌تى بازرگانى ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیار و مه‌ترسییه‌وه‌".

شه‌رى عه‌فرین و یه‌مه‌ن

له‌باره‌ى زیانه‌ ئابورییه‌كانى ئه‌م حاڵه‌ته‌ بۆ توركیا و ئێران، هاوكات تاكه‌ى دابه‌زینى دراوى ئه‌و دوو وڵاته‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌و پسپۆڕه‌ى بوارى ئابورى ده‌ڵێت "بانكى ناوه‌ندى له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك سیاسه‌ت كار ده‌كات، به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ئێستا كه‌ له‌ وه‌رزى گه‌شتیاریداین و گه‌شتیار ده‌چنه‌ ئه‌و دوو وڵاته‌، بۆیه‌ ئاساییه‌ به‌هاى دراوه‌كه‌ى دابه‌زێنێت".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ خه‌رجیی سه‌ربازیى، كه‌ خۆى له‌ كڕینى چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیدا ده‌بینێته‌وه‌، توركیا و ئێران له‌ ماوه‌ى رابردوودا تێچوویه‌كى زۆرى سه‌بازییان هه‌بووه‌ بۆ شه‌ڕى عه‌فرین و یه‌مه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ توركیا كێشه‌یه‌كى ئه‌وتۆى نییه‌، چونكه‌ داهاتێكى زۆرى ده‌ستده‌كه‌وێت، له‌هه‌مانكاتدا به‌ داگیركردنى چه‌ند ناوچه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتى بازرگانیى فراوانتر ده‌بێت. بۆیه‌ هه‌ردوو وڵاته‌كه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى تێچووى سه‌ربازییان زیادى كردووه‌، به‌هاى دراوه‌كانیان دابه‌زیووه‌". 

كاریگه‌رییه‌كانى له‌سه‌ر بازاڕى هه‌رێم

ده‌رباره‌ى ئاستى كاریگه‌ریى ئه‌و دابه‌زینه‌ى نرخى دراوه‌ توركى و ئێرانیه‌كان له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، چێنه‌ر ئه‌سعه‌د پێیوایه‌ "هه‌رێم  تووشى سیاسیه‌تى نغرۆكردنى بازاڕ(أغراق) بووه‌، واته‌ بازاڕى هه‌رێمى كوردستان به‌ كاڵاى توركى و ئێرانى داگیركراوه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى لێره‌ وه‌به‌رهێنانى بیانى ده‌كرێت، به‌مه‌یش كه‌ره‌سه‌ى خاوى هه‌رێم ده‌به‌ن و ده‌یكه‌نه‌وه‌ به‌ كاڵا و دووباره‌ پێمان ده‌فرۆشنه‌وه‌، واته‌ له‌ یه‌ك ماده‌دا دووجار قازانجى ئابوریى ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌ستى كارى ئێمه‌ بیر له‌ راكردن ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ ناتوانن لێره‌ كاربكه‌ن و ركابه‌رى وه‌به‌رهێنانى بیانى بكه‌ن، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌یه‌".
 





  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure