گۆڕان: شێوازی مەدەنی و پەرلەمانی باشترین رێگەیە بۆ چارەسەری كێشەكانی كورد

هەواڵ / کوردستان :: 09/04/2018‌ :: 223‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێژنە عەلی
ئەندامێكی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت، دەبێت بە شێوازی دیالۆگ و مەدەنی و پەرلەمانی كێشەكانی كورد لە پارچەكان چارەسەربكرێن، جەختیشده‌كاته‌وه‌ كه‌  گەلی كورد پێویستی بە یەكڕیزی هه‌یه‌.


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 9ى نیسانى 2018 شاندی باڵای هەدەپە لە سلێمانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان-ی كرد و كۆبونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا.

بەردان ئۆزتورك، ئەندامی شاندی هەدەپە دوابه‌دواى كۆبونه‌وه‌كه‌ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئامانجمان لە كۆبوونەوەكان یەكڕیزی نەتەوەیی و كۆنگرەی نەتەوەییە تا بتوانین دیالۆگ بكەین، هیوادارین بەزوویی كۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت بۆ گەیشتن بە مافەكانی كورد".

هەروەها شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رایگەیاند، تەوەری سەرەكی باسەكان ئەوەیە هاوڕان لەوەی شكستی كورد لەهەر پارچەیەك كاریگەری لەسەر پارچەكانی دیكە و دۆزی كورد دەبێت.

وتیشی "ئەگەرچی تایبەتمەندی هەر پارچەیەك جیاوازە لە پارچەكانی دیكە و ئەركی ئەو پارچەیەیە بزانێت چ جۆرە خەباتێك لە پارچەكەی تەبەنی دەكات، بەڵام هاوڕابووین كە دەبێت بە شێوازی دیالۆگ و مەدەنی و پەرلەمانی كێشەكانی كورد لە پارچەكان چارەسەربكرێن باشترین رێگەچارەیە".

شۆڕش حاجی وتیشی "بۆ ئەوەی بتوانین بەهێزێكی باشتر لەگەڵ ناحەزانی كورد قسە بكەین پێویستمان بە یەكڕیزی نێوماڵی كورد لە هەر پارچەیەك و پاشانیش یەكڕیزی نێوماڵی كورد لە هەموو پارچەكانە بۆ ئەوەی بە مافی خۆمان شادبین كە مافی چارەی خۆنووسینە".

شەممەی رابردوو شاندێكی باڵای هەدەپە گەیشتنە هەرێمی كوردستان، لە دوو رۆژی رابردوو لە هەولێر زنجیرەیەك دیداریان سازكرد و ئەمڕۆش لە سلێمانی چه‌ند دیدار و كۆبونه‌وه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ئه‌نجامدا.  



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure