هەڵەبجە پشتگیری دۆما دەكات

هەواڵ / کوردستان :: 09/04/2018‌ :: 245‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌ دروشمى (هه‌ڵه‌بجه‌ و دوما دوو برین و یه‌ك ئازار) به‌ ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سوكارى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌ و چالاكانى مه‌ده‌نى، كۆمه‌ڵه‌ى قوربانییانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌به‌رده‌م ماڵى شه‌هید عومه‌رى خاوه‌ر گردبوونه‌وه‌یه‌كى ناڕه‌زایه‌تییان ئه‌نجامدا، ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستى ئیدانه‌كردنى كۆمه‌ڵكوژى دژ به‌مرۆڤایه‌تى له‌ڕێگه‌ى چه‌كى كیمیاییه‌وه‌  لەوانە ئەو هێرشە كیمیاوییەی بۆ سەر شاری دۆمای سوریا ئەنجامدرا .


لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانییانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دواڕۆژى ڕاگه‌یاند، مه‌به‌ست له‌ ئه‌نجامدانى ئه‌م گردبوونه‌وه‌یه‌ بۆ ئیدانه‌كردنى ئه‌و هه‌وڵانه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگى وڵاتانى زلهێز له‌ڕێگه‌ى به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیاییه‌وه‌ جینۆساید و كۆمه‌ڵكوژى ئه‌نجام بده‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ شارى (دوما)ى سوریا ڕووده‌دات.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، جێگه‌ى شه‌رمه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگەى نێوده‌وڵه‌تى بێده‌نگه‌ له‌ ئاست ئه‌و تاوانانه‌ى كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا ڕووده‌دان و ڕۆژانه‌ جینۆساید دژ به‌ مرۆڤایه‌تى تۆمار ده‌كرێت، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان و كه‌سوكاری شه‌هیدان له‌ هه‌موو كه‌س زیاتر هه‌ست به‌و ئێش و ئازارانه‌ ده‌كه‌ین و مه‌به‌ستشیمانە له‌ڕێگه‌ى ئه‌م گردبوونه‌وه‌یه‌وه‌ ئه‌و په‌یامه‌ بگه‌یه‌نین ئێمه‌ دژى به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیایین كه‌ دژ به‌ هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌كاربهێنرێت.

سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانییانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى وت "داوامان له‌ ڕێكخراوه‌ جیهانییه‌كانى مافى مرۆڤ و مرۆڤدۆستانى جیهان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ جددى كار بكەن بۆ ڕێگریكردن له‌ به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیایى و كۆمه‌ڵكوژكردنى مرۆڤه‌كان".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure