دوو ساڵه‌ حكومه‌تى هه‌رێم 13 مليار دينارى نەخۆشى درێژخایه‌نى بڕیوه‌

هەواڵ / ئابوری :: 08/04/2018‌ :: 321‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
زیاتر لە دوو ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان، مووچەی ٨٠ هەزار نەخۆشی درێژخایەنی بڕیوە، وه‌زاره‌تى كارو كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى 13 ملیار دینارى نه‌خۆشیه‌ درێژخایه‌نه‌كانیان كردووه‌.


بەپێی ڕێنمايیه‌كى پێشووترى حكومەتی هەرێم هەر نەخۆشێكی سیل، شێرچەنجە، چاندنى گورچیلەو نەخۆشیە درێژخایەنەكانى به‌گشتى، ئه‌گه‌ر رێژەی نەخۆشیەكە لەسەروی 75%بوایە مانگانە بری 150هەزاری لە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی پێدەدرا،  وەك هاوكارییەك بۆ هاتوچۆكردنى نەخۆش و كڕينى ده‌رمان و پێداویستى پزیشكى، بەڵام ماوەی دوو ساڵە ئەو مووچەیە بڕاوە.

هەمزە مەغدید، وتەبێژی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم، بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو، ئەو مووچەیە حكومەتی هەرێم وەك هاوكاری مانگانە دەیدایە ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، یان پەككەوتەو چاودێری خێزان بوون، ئەوانەی نەخۆشییەكەیان لەسەروی ٧٥% بوو.

ئاشكراشیكرد، ئەو نەخۆشانەی كە ئەو مووچەیەیان وەردەگرت، ٨٠ هەزار كەس بوون، كە كۆی ئەو پارەیەی مانگانە دابەشدەكرا بەسەریاندا بری ١٣ ملیار دینار بوو.

وتەبێژی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی ڕوونیشیكرده‌وه‌، بەبڕیاری حكومەت لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦وە ئەو مووچەیە ڕاگیراوەو تا ئێستاش نازانرێت كە ئەو مووچەیە دووبارە دەست بەدابەشكردنی دەكرێتەوە یان بە تەواوەتی براوە، به‌ڵام هۆكاری ِڕاگرتنەكەش قەیرانی دارایی بووە.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئەو مووچەیە هاوكارییەكی باش بوو بۆ ئەو نەخۆش‌و پەككەوتانەی كە توانای كاركردنیان نەبووە، وه‌زاره‌تى كارو كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تیش بۆ ئەو مەبەستە داواى 13 ملیار دینارەکەى لە حکومەت كردووه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure