مامۆستایەکی تەمەن 92 ساڵ 5 کتێبی وەرگێڕدراو بڵاودەکاتەوە

هەواڵ / که‌لتور :: 07/04/2018‌ :: 849‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
لەشاری سلێمانی لەڕێوڕەسمێکدا مامۆستایەکی خانەنشینکراوی تەمەن ٩٢ ساڵ، پێنج کتێب لە عەرەبیەوە وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی و زۆربەی کتێبەکانیش له‌ نوسینى نوسەری به‌ناوبانگى میسری (سەلامە موسا)یه‌.


عەبدلمەجید پەزکەندی وەرگێڕی کتێبەکان بە دواڕۆژی وت "ھەموو کتێبەکانم کە وەرگێڕاوە، زۆر بەئەمانەت و دڵسۆزیەوە کردومەتە کوردی، کتێبەکانیش ھەموو گرنگە بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆ و بۆ خوێنەران".

بەرھەمە بڵاوکراوەکان بریتین لە بیردۆزی ئیڤۆلیوشن و ڕەچەڵەکی مرۆڤ، خۆڕۆشنبیرکردن یان چۆن خۆت پەروەردە دەکەیت، ئافرەت بوکەڵەی بەردەستی پیاو نییە، هه‌روه‌ها كتێبى ئابووری ڕامیاری، زانستی ، ل. لیونتیڤ ، وه‌رگیڕانى بۆ عەرەبی د. محەمەد رەشاد الجلاوی، و. بۆ کوردی عبدولمجید پەزکەندی، دەربارەی سۆشیالیستی زانستی و کۆمۆنیستی، زانستی ، ئەڤاناسییڤ، و. عەرەبی عبدالرزاق الصافی ، و. کوردی عبدالمجید پەزکەندی.

دەوەن مەعروف، نوسەر کە سەرجەم کتێبەکانی خوێندووەتەوە لەبارەی کتێبەکانەوە دەڵێت "وەرگێر زۆر بە باشی کتێبەکانی وەرگێڕاوە و بەزمانێکی جوان وشە عەرەبییەکان کراوە بەکوردی، بەرھەمەکانیش له‌نوسینى نوسەرێكى گەورەی میسره‌ کە زۆر ناوازەیە بەرھەمەکانی، بۆیە گرنگە ھەموو کەسێک ئەو کتێبانە بخوێنێتەوە".

عه‌بدولمەجید ڕەشید معروف، ناسراو بە (عه‌بدولمەجیدی پەزکەندی) لەساڵی ١٩٢٧ لەگوندی پەزکەندی لەدایکبووە، ساڵی ١٩٣٠ ھاتووەتە شاری سلێمانی و لە ساڵی ١٩٣٣ چووەتە حوجرە، پاشان لە ساڵی ١٩٣٥ چووەتە قوتابخانەی ئەیوبیەی سەره‌تایی، دواتر خولی پەروەردەی لە کەرکوک تەواوکردووە، ساڵی ١٩٤٨ بووە بەمامۆستا لە گوندی چەرمەگا، پاشان گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی خالدیە لەشاری سلێمانی، پاشان گوازراوەتەوە بۆ ماوەت و چوارتا، دواتر بۆ قوتابخانەی گۆیژەو مەولەوی وەک بەڕێوەبەر پاشان بۆ خۆشناو.
 
دواتر بە بڕیاری مەجلسی قیادەی سەورە خانەنشینکراوە، لەدوای ڕاپەڕین کراوەتەوە بەمامۆستا لە قوتابخانەی نەورۆز لەشاری سلێمانی پاش یەک ساڵ لەوانە وتنەوە خانەنشینکراوەتەوە.

لەساڵی ٢٠١٠ وە دەستی کردووە بە نوسین و وەرگێڕانی کتێب لەعەرەبیەوە بۆ کوردی و تائێستا ١٢ کتێبی وەرگێڕاوەو لەسەر ئەرکی خۆی بەچاپی گەیاندووە، چەند کتێبێکی دیكه‌شى ئاماده‌ن بۆ چاپکردن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure