دوو حكومەت قەرزاری كەركوكن، كەركوكیش هی چەند بەڵێندەرێك

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 06/04/2018‌ :: 389‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
كەركوك، پارێزگا دەوڵەمەندەكەی عێراق بەچەند كۆمپانیاو بەڵێندەرێك قەرزدارە و بەهۆی بێ پارەییەوە نەك پڕۆژەكان، بەڵكو پاككردنەوەی خۆڵ و خاشاكیش لەشارەكە پەكیكەوتووە.


ئەگەر چی كەركوك، بەیەكێك لەشارە دەوڵەمەندەكانی عێراق دادەنرێت بەهۆی بوونی كێڵگەیەكی زۆری نەوت و كەرتی كشتوكاڵی تێیدا، بەڵام نەیتوانیوە سودیان لێوەربگرێت، چونكە قازانجی چنینەوەی بەرهەمەكانی لەنێوان بەغدا و هەولێر تەراتێن دەكات و خۆیشی لەو نێوەندەدا قەرزارە.

بەپێی بەدواداچونێكی دواڕۆژ، شایستەكانی كەركوك لەچوار ساڵی رابردوودا كە لەلایەن بەغداوە پێینەدراوە، زیاتر لە 500 ملیار دینار و هەرێمی كوردستانیش دەستی بەسەر 51 ملیۆن دۆلاری پارێزگاكەدا گرتووە.

جەماڵ مەولود سەرۆكی لیژنەیی دارایی لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە دواڕۆژ ی وت "نزیكەی ملیارێك دینار بەبەڵێندەرو كۆمپانیاكان قەرزارین كە لەماوەی رابردوودا پڕۆژەی خزمەتگوزارییان لەپارێزگاكە ئەنجامداوە".

هۆكاری ئەو قەرزارییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ماوەی چوار ساڵە حكومەتی عێراق بەبیانوی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە هیچ بڕە پارەیەكی وەكو بودجە رەوانەی كەركوك نەكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمی كوردستان دەستی بەسەر 51 ملیۆن دۆلاری پارێزگاكەدا گرتووە.

مانگێك پێش ئێستایش بەهۆی كەڵەكەبوونی قەرزێكی زۆر و نەبوونی توانای دابینكردنی كرێی مانگانە، ئیدارەی كەركوك گرێبەستەكەی لەگەڵ كۆمپانیای خالید شینكی هەڵوەشاندەوە كە ماوەی چەند ساڵێك بوو گرێبەستێكی لەگەڵ ئیدارەی پێشووی كەركوكدا ئەنجامدابوو بۆ پاككردنەوەی شارەكە لە خۆڵ و خاشاك.

هەرچەندە ماوەی چوار ساڵە حكومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەكی وەكو بودجە رەوانەی كەركوك نەكردووە، بەڵام تاوەكو پێش رووداوەكانی دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، شارەكە سودی لەو پارەیە دەبینی كەوەكو شایستەی بتڕۆدۆلار لەبەرامبەر هەناردەی نەوتەكەیدا لەلایەن هەرێمەوە پێیدەدرا.

بەڵام لەدوای دورخستنەوەی نەجمەدین كەریم و دانانی راكان سەعید جبووری وەكو پارێزگاری كەركوك ئیدی نە نەوت لەڕێگەی هەرێمەوە رەوانە كرا و نە پارەی بتڕۆدۆلارەكەیش گەڕایەوە شارەكە.

جەمال مەولود روونیكردەوە "ماوەی 4 ساڵە حكومەتی بەغدا هیچ بڕە پارەیەكی رەوانەی كەركوك نەكردووە، كە ساڵانە كەمترین بودجەی شارەكە لەپارەی پەرەپێدانی هەرێمەكان 120 ملیار دینار بووە".

وتیشی "لەماوەی رابردووشدا لەبڕی هەر بەرمیلێك نەوت دۆلارێك بەر پارێزگاكە دەكەوت، كە ماوەیەك پێش سەرهەڵدانی داعش ئیدی ئەو پارەیەشی بڕی، كە وەكو قەرز لەسەری هەژماركراوە.

ناوڕاستی ساڵی 2014 دوای سەرهەڵدانی داعش، بەشێك لەكێڵگە نەوتییەكانی كەركوك كەوتنە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم و لەرێگای بۆری نەوتی هەرێم – توركیاوە هەناردەی بەندەری جیهان دەكرا، بەپێی گرێبەستێكیش مانگانە بڕی 10 ملیۆن دۆلار وەكو بتڕۆدۆلار لەبەرامبەر هەناردەی نەوتەكەیدا دەدرایە شارەكە.

ئەڵماس فازڵ بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە دواڕۆژ ی وت "بەشێوەیەكی فەرمی 51 ملیۆن دۆلار شایستەیی كەركوك لەپارەی بتڕۆدۆلار لەبانكی كوردستانە لەهەولێر، بەڵام بەهۆی سكاڵایەكی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاوە حجز خراوەتە سەری.

رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەدوای گەڕانەوەی هێزە عێراقییەكان بۆ پارێزگاكە، شارەكەی بەرەو هەولێر بەجێهێشت و بەبیانوی تێپەرنەبوونی خەرجكردنی ئەو پارەیە بەئەنجومەنی پارێزگادا سكاڵای لەدادگای هەولێر تۆماركردووە.

ئازاد جەباری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ دواڕۆژ نەیشاردەوە كە بەهۆی ململانێ سیاسییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، كەركوك باجی قورسی داوەو دانیشتوانەكەشی زەرەرمەندی یەكەمن.

وتیشی "بەغدا وەكو هاوكاری بودجەیەكی كەمی بەسەر زۆربەی پارێزگاكانیدا دابەشكردووە، بەڵام كەركوكی لێی بێبەشكردووە و هەرێمیش دەستی بەسەر پارەی شارەكەدا گرتووە، لەكاتێكدا رۆژانە كرێكارانی گرێبەستی شارەوانی بۆ داوای شایستەی مانگانەیان خۆپیشاندان دەكەن".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure