بۆ ئه‌م پاره‌یه‌ شاندێكى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 05/04/2018‌ :: 14347‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى پاره‌ى گه‌نمى جوتیارانى هه‌ولێر، شاندێكى باڵاى بانكى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات.


نه‌وزاد ئه‌دهه‌م، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوانى وه‌زاره‌تى بارزگانى و پیشه‌سازى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌ره‌تاى مانگى ئازاردا، چه‌كى 41 ملیار دینارى پاره‌ى گه‌نمى جوتیارانى هه‌ولێر بۆ ساڵانى 2016 و2017 گه‌یشتووەته‌ هه‌ولێر، به‌ڵام تائێستا دابه‌شنه‌كراوه‌".

وتیشى "بۆ خه‌رجكردنى پاره‌كه‌و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى پاره‌ى گه‌نمى جوتیارانى هه‌ولێر، یه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو 7ى نیسانى 2018، شاندێكى باڵاى بانكى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات و ده‌مانه‌وێت چیتر جوتیاران باجى بڕیاره‌ سیاسییه‌كان نه‌ده‌ن و پاره‌كه‌یان پێبدرێت".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى بازرگانى، رونیكرده‌وه‌ شانده‌كه‌ هه‌وڵده‌دات به‌غدا رازى بكات بۆ پێدانى پاره‌كه‌ به‌ جوتیارانى هه‌ولێر، چونكه‌ دواكه‌وتنى شایسته‌ داراییه‌كانى جوتیارانى هه‌رێم كاریگه‌رى زۆر خراپى له‌سه‌ر ژیانى جوتیارانى هه‌ولێر دروستكردووه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure