توركیا: به‌هاى لیره‌ بۆ ئاستێكى پێوانه‌یی داده‌به‌زێت

هەواڵ / ئابوری :: 05/04/2018‌ :: 443‌ جار بینراوە

دواڕۆژ 
لیره‌ى توركى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، به‌هۆى مه‌ترسییه‌كانى تواناى بانكى ناوه‌ندى ئه‌و وڵاته‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونەوەى هه‌ڵاوسان و ره‌خنه‌كانى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان كه‌ ئاڕاسته‌ى سیاسه‌تى نه‌ختینه‌ى كرد، دابه‌زینى به‌خۆیه‌وه‌ بینى.

رۆژنامه‌ى حوریه‌تى توركى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكردۆته‌وه‌، به‌مدواییانه‌ سه‌رۆك كۆمارى توركیا له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى داخراوى حزبه‌كه‌یدا ره‌خنه‌ى توندى ئاڕاسته‌ى سیاسه‌تى به‌رزكردنه‌وه‌ى سووه‌كان كردووه‌ له‌لایه‌ن بانكى ناوه‌ندى توركیاوه‌.

له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ به‌هاى لیره‌ى توركى به‌رامبه‌رى دۆلار، له‌ناو 26 دراوى وڵاتانى تازه‌ پێگه‌یشتوو، به‌رێژه‌ى 6% دابه‌زیوه‌، ئه‌وه‌ش وه‌به‌رهێنه‌رانى نیگه‌ران كردووه‌ له‌ رێژه‌ى هه‌ڵاوسانى نرخه‌كان كه‌ چوه‌ته‌ خانه‌ى (ده‌یان)ه‌وه‌ و پێیانوایه‌ كه‌ ئه‌و رێوشوێنانه‌ى په‌یڕه‌ویان كردووه‌، كاریگه‌رى ئه‌وتۆیان نه‌بووه‌ و به‌وه‌ش چاره‌نوسى محه‌مه‌د شیمشك گه‌وره‌ به‌رپرسى سیاسه‌تى ئابوورى توركیا، به‌ره‌و نادیارى ده‌بات.

ئه‌مڕۆ پێش كردنه‌وه‌ى بۆرسه‌ و وڵ ستریت، 4.030 لیره‌ به‌رامبه‌ر یه‌ك دۆلار بوو، له‌كاتێكدا پێشتر دۆلارێك به‌رامبه‌ر بوو به‌ 4.0320 لیره‌، ئه‌وه‌ش واته‌ دابه‌زینى به‌رێژه‌ى 0.9% .

هاوكات رۆژنامه‌ى حوڕییه‌ت رایگه‌یاندووه‌، له‌ ئه‌نكه‌ره‌ ده‌نگۆى ئه‌وه‌ بڵاوبۆته‌وه‌ كه‌ شیمشك ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى پێشكه‌ش به‌ بناڵى یه‌ڵدرم سه‌رۆك وه‌زیران كردووه‌ و ئه‌ویش بۆ ئه‌ردۆغانى به‌رزكردۆته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ بازاڕه‌كانى كوردستاندا به‌هاى لیره‌ به‌رامبه‌ر دۆلار جۆرێك له‌ جێگیرى به‌خۆیه‌وه‌ بینى 100 دۆلار به‌ 380.000 لیره‌ مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا.
 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure