په‌روه‌رده‌ له‌باره‌ى دەستلەكاركێشانەوەی 60 بەڕێوەبەرو یاریدەدەر بڕیاریدا

هەواڵ / کوردستان :: 04/04/2018‌ :: 2945‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای سەیدسادق ئاماژە بەوەدەكات لە كۆبونەوەماندا لەگەڵ بەڕێوەبەر و یاریدەدەره‌كانی سنوری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكەمان داواكاری 60 بەڕێوەبەرو یاریدەدەرمان ڕەتكردەوە كە داوای دەستلەكاركێشانەوەیان كردبوو، هاوكات داوامانلێكردوون لە ئەمڕۆوە دەستبكەنەوە بە دەوام.

سۆران محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای سەیدسادق بەدواڕۆژی ڕاگەیاند بە مەبەستی وەڵامدانەوەی داواكاری ئەو 60 بەڕێوەبەر و یاریدەدەری كە لەهەفتەی پێشوودا داواكاری دەستلەكاركێشانەوەیان ئاراستەكردبووین، بەهۆی خەرجنەكردنی موچەی بێ پاشكەوت، ئێمە لەگەڵیاندا كۆبوینەوەو بڕیارماندا داواكارییەكەیان ڕەتبكەینەوە، چونكە ئەو بەڕێوەبەرانە لە ساڵانی رابوردودا ماندونەناسانە و خەمخۆرانە كارەكانی خۆیان جێبەجێ كردوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، داوامانلێكردوون كە لەئەمڕۆ 4/4/2018 دەستبكەنەوە بە دەوام و كارە كارگێڕییەكانی خۆیان جێبەجێبكەن، ئەوەش بە ئامانجی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی پەروەردەو فێركردن لە سنورەكەدا.

سەبارەت بە وادەی كردنەوەی دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بەڕووی خوێندكاراندا، بەڕێوەبەری پەروەردەی سەیدسادق وت "ئێمە بەڕێوەبەرەكانمان ڕاسپاردووە كە پەیوەندی بە مامۆستایانەوە بكەن، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن، بۆیە چاوەڕێی هەڵوێستی مامۆستایان دەكەین، چونكە خوێندنی ئەمساڵ ماوەیەكی زۆر كەمی ماوە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure