"ئامارەكانی رێژەی زیادبوونی منداڵی ئۆتیزم لەكوردستان مەترسیدارن"

هەواڵ / کوردستانی :: 02/04/2018‌ :: 358‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
بەپێی ئامارێكی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان، لە شارەكانی كوردستان زیاتر لە سێ‌ هەزار منداڵی ئۆتیزم هەیەو ساڵانەش رێژەكەی بەشێوەیەكی مەترسیدار لەزیادبووندایە.
لەڕۆژی جیهانی هۆشیاری ئۆتیزم، كە ئەمڕۆ دووشەممە 2ی نیسانی 2018 لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئاماری ساڵانەی ئۆتیزم راگەیەنرا.

بەپێی ئاماری كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان، رێژەی منداڵانی ئۆتیزم لەهەولێر 900 تاكو 980 منداڵی تێپەڕاندووە، هەروەها لە سلێمانی و هەڵەبجە گەیشتۆتە هەزارو 250 منداڵ و لە دهۆكیش نزیكەی 800 حاڵەت هەیەو كۆی گشتی منداڵی ئۆتیزم زیاتر لە سێ‌ هەزاری تێپەڕاندووەو ساڵانەش بەرێژەی بەرچاو منداڵی ئۆتیزم لە كوردستان زیاد دەبێت كە بە مەترسی هەژماركراوە.

هەر بەپێی ئامارەكە، لەماوەی سێ‌ ساڵی رابردوو زیاتر لە 80 خێزان كە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە بەشێوەی قاچاغ و بەڕەسمی سەری خۆیان هەڵگرتووەو چوونەتە دەرەوەی هەرێم بۆ چارەسەركردنی منداڵەكانیان، هەروەها 12 خێزانی تر بەهۆی بوونی منداڵی ئۆتیزم لەیەک جیابوونەتەوەو 8 حاڵەتی ونبوونی منداڵی ئۆتیزمیش لەماوەی ساڵی رابردوو تۆماركراوە.

كەمال جەباری، سەرۆكی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند "رەوشی ئەو خێزانانەی كە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە زۆرخراپە، بۆیە داواكارین حكومەتی هەرێم مووچە بۆ ئەو منداڵانەی ئۆتیزم دابین بكات كە تەمەنیان 9 ساڵە هیچ مووچەیەكیان نییە، چونكە رێژەی 40%ی كۆی منداڵی ئۆتیزم پێكدێنن".

لەبارەی كردنەوەی سەنتەری راهێنان بۆ ئەو منداڵانەی ئۆتیزمیان هەیە، نەرمین قادر بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بە دواڕۆژی راگەیاند "حكومەتی هەرێم مووچەی 90 هەزاری بۆ منداڵی ئۆتیزم دابینكردووە، هەروەها سێ‌ سەنتەری راهێنان لە شارەكانی هەرێم هەیە، بەڵام بەداخەوە تەنیا 70 منداڵ لەو سەنتەرانە جێكراونەتەوەو داوامانكردووەو سەنتەری تر بكرێتەوە".

وتیشی "ئێمە توانیومانە مۆڵەت بەو كەسانە بدەین كە فەرمانبەرن و منداڵی ئۆتیزمیان هەیە، ئەگەر هەر خێزانێكیش دوو منداڵی ئۆتیزمی هەبێت ئەوا مۆڵەتەكە بە دایك و باوكی منداڵەكە دەدرێت بۆئەوەی چاودێری منداڵەكەیان بكەن".

ئۆتیزم، بریتییە لە تێكچوونی گەشەی مێشك و ئاڵۆزبوونی دەمارەكانی مێشك لە سێ‌ ساڵی یەكەمی تەمەنی منداڵ، كە ئەمەش كاردەكاتە سەر فەرمانەكانی مێشك و كەمیی گەشەیان و دەبێتەهۆی لاوازیی پەیوەندی كۆمەڵایەتی و تێكچوونی رەفتاریان و درەنگ كاردانەوەیان بۆ كەسان و دەوروبەری خۆیان.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە