په‌روه‌رده‌ى سلێمانى مه‌ترسى له‌سه‌ر خوێندنى ئه‌مساڵ ئاشكرا ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 02/04/2018‌ :: 1090‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى رایگه‌یاند، مه‌ترسى له‌سه‌ر دۆخى په‌روه‌رده‌ هه‌یه‌ له‌ شارى سلێمانى، چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌ك هه‌فته‌ى تر ده‌رگاى خوێندنگه‌كان نه‌كرێته‌وه‌ خوێندن ده‌فه‌وتێت.


دڵشاد عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى له‌دواى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سەرجەم پەروەردەی قەزاکان و سەرپەرشتیارەکان كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانى ئه‌نجامدا و ورده‌كارى بڕیاره‌كانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى خسته‌ڕوو.

به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى له‌باره‌ى دۆخى په‌روه‌رده‌وه‌ له‌ سلێمانى رایگه‌یاند "دۆخى په‌روه‌رده‌ له‌ شارى سلێمانى له‌ مه‌ترسیدایه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌فته‌یه‌كى تر ده‌رگاى خوێندنگاكان نه‌كرێته‌وه‌ دۆخى په‌روه‌رده‌ له‌ سلێمانى ده‌فه‌وتێت و خوێندن بۆ سه‌رجه‌م قوتابیان به‌ كه‌وتوو هه‌ژمار ده‌كرێت".

وتیشى "به‌هۆى بایكۆتكردنه‌وه‌ ساڵنامه‌ى خوێندنمان گۆڕیوه‌ و تاقیكردنه‌وه‌كان دواخراون بۆ 14ى ئایار".

له‌باره‌ى موچه‌ى مامۆستایانه‌وه‌ دڵشاد عومه‌ر ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، حكومه‌تى هه‌رێم بڕیاریداوه‌ 30 ڕۆژ جارێك موچه‌ى مامۆستایان به‌ سیستمى نوێى پاشه‌كه‌وت دابه‌شبكات، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى دابه‌شكردنى موچه‌ى مامۆستایانى گرێبەست، ئه‌گه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم نه‌یتوانى ئه‌م كاره‌ بكات ئه‌وا من واز له‌ پۆسته‌كه‌م ده‌هێنم.

به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، من وه‌ك مامۆستایەك وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ و وه‌ك باوكێك داوا له‌ مامۆستایان ده‌كه‌م بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ هۆڵه‌كانى خوێندن بۆ ئه‌وه‌ى داهاتووى منداڵه‌كانیان نه‌فه‌وتێت.

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێكى دواڕۆژ-دا له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى بۆچى داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌ گشتى و لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ناكه‌ن كه‌ هانى ئه‌ندام و لایه‌نگرانیانبده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بایكۆت بشكێنن؟ به‌ڕێوه‌به‌ر په‌روه‌رده‌ى سلێمانى ئاشكرایكرد، پێویسته‌ ئێمه‌ و لایه‌نه‌ سیاسه‌كان و دایك و باوكى خوێندكاران به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین بۆ ئارامكردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ و رێگریكردن له‌ فه‌وتانى داهاتووى منداڵه‌كانمان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە