داعش زیندووبووه‌وه‌!

هەواڵ / چاوی تۆ :: 01/04/2018‌ :: 422‌ جار بینراوە

چاوی تۆ، ئاکار گەرمیانی
له دوای ڕووداوه‌كانیی16ی ئۆکتۆبەره‌وه‌ به‌شی زۆری هێزه‌ كوردیه‌كان كه‌ پێشتر به‌ربه‌ستی په‌ره‌سه‌ندنی جووڵه‌ی داعش بوون، له‌ ناوچه‌كانی خورماتوو و كه‌ركوك و  گوڵاڵه‌ و خانه‌قین و نه‌فتخانه‌ ده‌رچوون ئه‌گه‌رچی به‌خوایشتی خۆیشیان نه‌بوو.


هێزه‌ هه‌مه‌چه‌شن و هه‌مه‌جۆره‌كانی عێراق به‌ لاوازیی چوونه‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ و زۆربه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانیشیان به ‌چۆڵی هێشته‌وه‌، چونكه‌ نه‌هێزی پێویستیان هه‌یه‌ و نه‌ توانای مانه‌وه‌، ئه‌وەیش ڕێگای خۆشكرد بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی چه‌كداره‌ په‌رته‌واوزه‌كانی داعش له‌ سنووره‌كه‌دا.

كه‌متر له‌ پێنج مانگ، داعش كاری زۆر گه‌وره‌ی كرد. سه‌رچاوه‌ی ئابوریی خۆی به‌هێزكرد، به‌ دانانی كارگه‌ نا به‌ڵكۆ له ‌رێگای رفاندنی خه‌ڵك و به‌ پاره‌ ئازادكردنیان و دزینی مه‌ڕ و ماڵاتی گوندنشیان و وه‌رگرتنی باج و سه‌رانه‌ به‌ رێگای جۆراوجۆر له‌ خه‌ڵك. تۆڵه‌ی خۆیشیان له‌ موختارەكانی ئه‌و گوندانه‌ سه‌نده‌وه‌ كه‌ پێشتر هاوكار و هه‌واڵده‌ربوون له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌.


به ‌بڕوای من هۆكاری زیندووبوونه‌وه‌ی داعش بۆ ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه:
یه‌كه‌م: هێزه‌ عێراقیه‌كان، وه‌ك پێشمه‌رگه‌ شاره‌زای سنووره‌كه‌ نین و شه‌ڕی پارتیزانیی نازانن كه‌ پێشمه‌رگه‌ داهێنه‌رێیتی و شاره‌زایی ته‌واوی هه‌یه‌ له‌و جۆره‌ شه‌ڕانه‌دا. ئێستا داعش شه‌ڕی پارتیزانی ده‌كات و بۆ فرسه‌ت ده‌گه‌ڕێت له‌ غەفڵەتدا‌ هێزه‌ عێراقیه‌كان ده‌كاته‌ ئامانج.
دوو: نه‌مانی په‌یوه‌ندیی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزه‌ فره‌ ڕه‌هه‌نده‌كه‌ی عێراق.
سێ: پارێزگای دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌دین، كرۆكی سوننه‌ن و‌ ئێستا هاوكاریی هێزه‌ شیعیه‌كه‌ی عێراق ناكه‌ن.
چوار: دانیشتوانی كوردی گونده‌كانی سنووری قه‌ره‌ته‌په‌ و گوڵاڵە و‌ خانه‌قین و  خورماتوو و زنانه‌، هاوكاریی هێزه‌ عێراقیه‌كان ناكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وان به ‌هۆكاری نه‌مانی پێشمه‌رگه ‌ده‌زانن له‌ سنووره‌كان.
پێنج: هه‌یكه‌لی گه‌وره ‌و ناواخنی به‌تاڵی هێزه‌ عێراقیه‌كان.
شه‌ش: به‌وپێیه‌ی به‌شی زۆری چه‌كدارانی داعش سوننه‌ن و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ن، شاره‌زان و له‌ چاوترووكاندا خۆیان له‌ هێزه‌كانی عێراق ون ده‌كه‌ن.


له 31/3/2018 سوپا و حه‌شد پێكه‌وه‌ ئۆپراسیۆنیان ئه‌نجامدا له‌ غه‌ره‌ و په‌ڵكانه‌-وە تاكو ده‌شتی عوزێم، ئێستایش له‌ گونده‌كانی نزیك جه‌باره‌-ن، سێ حه‌شد كوژران و ١١یان بریندار بوون، ته‌نها یه‌ك چه‌كداری داعش كوژرا ئه‌ویش خۆی به‌ هێزه‌ عێراقیه‌كاندا ته‌قاندەوه‌. ئه‌مەیش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كە له‌گه‌ڵ جووڵانه‌وه‌ی سوپادا، داعش له‌ ڕێگای سه‌رچاوه‌كانیه‌وه‌ ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌ و به‌ ڕێگا نهێنیه‌كانیاندا خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه‌ حه‌مرین بێ ئه‌وه‌ی هیچ زیانیێكیان پێبگات.

ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ عه‌بادی به ‌دوای رێككه‌وتنێكدا بگه‌ڕێ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌كانی ماده‌ی ١٤٠، چونكه‌ له‌وه‌ تێگه‌شت كە به‌بێ پێشمه‌رگه‌ هیچی پێناكرێت. دەیشزانێت ئه‌مریكا سنگده‌رپه‌ڕاندنی تا كۆتا لێ قبووڵ ناكات.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure