بەغدا بەنزین دەداتە سلێمانی

هەواڵ / ئابوری :: 01/04/2018‌ :: 3647‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
حکومەتی عێراقی ئامادەیە بەنزین بۆ بەنزینخانە حکومییەکانی سلێمانی دابینبکات، بەڵام بەنزینخانەی حکومی لە سلێمانی نییە.


ڕێکەوت زەکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی  بە دواڕۆژی وت "لەگەڵ بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و پارێزگاری سلێمانی کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا کە باس لە وێستگەكانی دابەشکردن لە بەنزینخانە حکومییەکان کرا کە لە پارێزگای سلێمانی بوونیان ھەیە".

وتیشی "قسە کرا لەسەر بەڵێنێکی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ پارێزگای سلێمانی ئەگەر بەنزینخانەی حکومی ھەبێت، ئەوا بەنزینیان پێدەدەن بەنرخی ٤٥٠ دینار وەک شارەکانی خوارووی عێراق".

وتیشی "لەئێستادا بەنزینخانە حکومییەکان شوێنەکانیان ھەندێکیان تەنیا زەوین ھەندێکیشیان کراون بە مۆڵ و بازاڕ و نەماون، چەند دانەیەک کە ماون بەنیازین بدرێنە کەرتی تایبەت نۆژەنی بکەنەوە و بیکەنەوە بەوێستگەیەک کە حکومەتی عێراقی مامەڵەی لەگەڵبکات".

ئاماژەی بەوەشدا "ئەگەر وێستگەی بەنزینی حکومی بکرێتەوە، ئەوا کێبڕکێیەکی باش دروستدەکات لەنێوان بەنزینی حکومی و بازرگانی کە سودی باشی دەبێت بۆ ھاووڵاتیان و نرخەکەی ھەرزان دەبێت".

 

رێكەوت زەكی وتیشی "لەھەوڵەکانیان بەردەوامین کە وەبەرھێنێک ئەو وێستگە حکومییانەی ماون نۆژەنی بکاتەوە و پاشان داوا لەحکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوتی عێراق بکرێت بەنزین دابینبکات".

لەئێستادا لە شاری سلێمانی وێستگەی دابەشکرنی بەنزینی حکومی نەماوە سەرجەمی ئەو وێستگانەی کە ھەن بازرگانین و بەنرخی بازرگانی بەنزین دەفرۆشن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure