پڕۆژه‌یه‌ك بۆ قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوانی بومەلەرزە ئاڕاسته‌ى په‌رله‌مان ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 31/03/2018‌ :: 279‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌هۆى بومەله‌رزه‌كانى ئه‌مدواییه‌، زیان به‌ر خانووبه‌ره‌كانیان كه‌وتووه‌، به‌رپرسێكى ئیدارى پڕۆژه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ى په‌رله‌مان ده‌كات كه‌ به‌پێى ناوه‌رۆكه‌كه‌ى ده‌كرێت هاوڵاتیان له‌ پێدانه‌وه‌ى پێشینه‌ى خانووبه‌ره‌كانیان ببه‌خشرێن له‌برى ئه‌وه‌ى قه‌ره‌بووبكرێنه‌وه‌.


كامه‌ران عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى وارماواى سه‌ر به‌ قه‌زاى شاره‌زوور ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 31ى ئازارى 2018 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌ گوێره‌ى یاسا ده‌بێت حكومه‌ت پابه‌ندبێت به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى هاووڵاتیان له‌ حاڵه‌تى روودانى هه‌ر روداوێكى سروشتى، به‌ڵام تائێستا حكومه‌ت به‌ ئه‌ركى خۆى هه‌ڵنه‌ستاوه‌ به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى زیانلێكه‌وتوانى بومه‌له‌رزه‌كەى ساڵى رابردوو.

وتیشى، "به‌ڵام ئێمه‌ پڕۆژه‌یه‌كمان ئاماده‌كردووه‌ كه‌ هیچ بیانوویه‌ك بۆ حكومه‌ت ناهێڵێته‌وه‌ كه‌ نه‌توانێت قه‌ره‌بووى هاووڵاتیان بكاته‌وه‌".

ڕونیشیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت بیانووى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ كه‌ له‌قه‌یرانى دارایدایه‌ و بڕى پاره‌ى پێویستى له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى هاووڵاتیان، ئه‌وا ده‌توانێت به‌ بڕیارێك له‌و بڕه‌ پارانه‌ خۆشببێت كه‌ وه‌ك پێشینه‌ى خانووبه‌ره‌ به‌ هاووڵاتیانى داوه‌ و ئێستا خانووه‌كانیان زیانیان به‌ركه‌وتووه‌، چونكه‌ به‌ گوێره‌ى به‌دواداچوون و پشكنینه‌كانمان ته‌نها له‌ سنورى ئێمه‌دا به‌ بڕى دوو ملیۆن دۆلار زیان به‌ر بینا و خانووى هاووڵاتیان كه‌وتووه‌. 

به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى وارماوا ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، له‌ڕێگه‌ى قایمقامیه‌ت و پارێزگارى سلێمانییه‌وه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌مان ئاڕاسته‌ى په‌رله‌مانى كوردستان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ده‌رفه‌تێكى گونجاودا بخرێته‌ به‌رنامه‌ى كارى په‌رله‌مانه‌وه‌، هاوكات گفتوگۆشم له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتاران كردووه‌ و پڕۆژه‌كه‌یان بینیوه‌ زۆر به‌لایانەوه‌ گونجاو بووه‌ پێیانوایه‌ كه‌ قابیلى جێبه‌جێكردنه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure