تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دەسەڵات

هەواڵ / چاوی تۆ :: 30/03/2018‌ :: 347‌ جار بینراوە

هۆگر كەمال
لەم ساڵانەی دوایدا بەهۆی گەشەسەندنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بڵاوبوونەوەیان بە شێوەیەكی بەرفراوان ئازادییەكی زۆری بۆ گەلە جیاوازەكان خولقاند، تا لە رێیەوە دەنگی خۆیان بەبێ‌ ترس لە دەسەڵات بەرزبكەنەوە.


تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەتایبەتی فەیسبووك، كاریگەرییەكانی گەورەیان لەسەر سیستمی دەسەڵاتداری دروستكرد، تەنانەت ترسیان خستە دڵی دیكتاتۆرەكانەوە.

لەماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان توانیان ناڕەزایەتی جەماوەر لە وڵاتانی (تونس، میسر، لیبیا، ئێران، هەرێمی كوردستان) و چەندین وڵاتی دیكەدا دروست بكەن و بەشێكی زۆر لە دەسەڵاتدارە دیكتاتۆرەكان بگۆڕن.

بەهۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەهاری عەرەبی سەری هەڵدا و خەڵكی ئەو وڵاتانە رژانە سەرشەقامەكان و دژی سیستمی وڵات و دەسەڵاتدارە دیكتاتۆرەكان وەستانەوە، تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لە ئەمریكاش رۆڵی بەرچاویان بینی لەوەی دۆناڵد ترەمپ ببێتە سەرۆكی ئەو وڵاتە.

لە ساتی هەوڵدان بۆ ئینقلابكردن بەسەر دەسەڵاتی ئەردۆغان دا لە توركیا، تۆڕی كۆمەڵایەتی سكایپ ئەردۆغانی لەدەست ئینقلابچیەكان رزگار كرد و دواتر بەهێزێكی زۆرەوە خۆی پیشانی وڵاتاندا و پەلاماری كوردانی رۆژئاوای دا.

لە هەرێمی كوردستان لە ساڵانی رابردوودا هاوڵاتیان نەیاندەتوانی لە ترسی دەسەڵات و نان بڕین ناڕەزایەتی دەرببڕن، بەڵام لەدوای فراوانبوونی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دروستبوونی حزبی زیاتر هاوڵاتیان بەبێ‌ ترس ناڕەزاییەكانیان دەردەبڕن.

تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە هەرێمی كوردستان كاریگەرییەكی بەرچاویان هەبووە لە جوڵاندنی شەقام و دروستبوونی گروپەكان، بەتایبەتی كاریگەرییەكی زۆری هەبوو لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات و رۆژانی دوایی، لەم سێ‌ ساڵەی رابردووشدا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وای كرد خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی فراوان بكات و بیگەیەنێتە ئەمڕۆ.

لەم خۆپیشاندانانەی ئێستاشدا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەتایبەتی فەیسبووك كاریگەرییەكی زۆریان هەیە لەسەر فراوان بوونی بەرەی ناڕەزاییەتیەكان دژی دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێم، بەڵام نازانرێت وەك بەهاری عەرەبی ئایا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەبنە هۆی سەندنەوەی دەسەڵات لەم كەسانەی ئێستا لەسەر حوكمن لە هەرێم، یاخود بارودۆخەكە و هێز رێگری دەكات.

بیریشمان نەچێت ئەوە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانن كاریەگەرییەكی بەرچاویان لەسەر هەڵبژاردنەكان هەیە و دەبێت، واش دەكا دەكات كاریگەری لەسەر دەنگی دەنگدەران هەبێت، دەپرسین ئاخۆ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە بەرژەوەندی كێ‌ دەبێت و كام لایەن كێرڤی دەنگەكانی بەرزدەبێتەوە؟



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure