لیستی برایەتی ئاگاداری دانوستانەکانی هەرێم و بەغدا نین لەبارەی کەرکوک
هەواڵ / کوردستان :: 29/03/2018 :: 284 جار بینراوە
دواڕۆژ، عیماد جەباری
دانوستانەکانی نیوان حکومەتی عێراق و هەرێم لەبارەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان چووەتە قۆناغێکی نوێوە و بەپێی زانیارییەکان گفتوگۆکان دەکرێت بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و کاراکردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، لیستی برایەتیش بێئاگایی خۆی لەدانوستانەکان دەردەبڕێت.
فواد حسێن ئەندامی لیستی برایەتی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە ئێستا لەهەولێرە بەدواڕۆژی وت "هێشتا بەفەرمی هیچ زانیاری و پرسێکمان پینەکراوە لەبارەی دانوستانەکانەوە، بۆیە ئاگاداریی وردەکاری گفتوگۆکان نیمان".
وتیشی "هەرکاتێک دۆخی کەرکوک ئاساییکرایەوەو باری نائاسایی لەشارەکە هەڵگیرا، ئەوە ئێمەش وەکو ئەندامانی لیستی برایەتی دەچینەوە کەرکوک و ئەنجومەنەکە کارا دەکەینەوە".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا بەپێویستیزانی هێزە سەربازییەکانی عێراق بچنە دەرەوەی شارەکە و رێگا بدرێتەوە بەگەڕانەوەی ئاسایش و پێشمەرگە تاوەکو کۆنتڕۆڵی دۆخی ئەمنی بکەن.