شه‌پۆلێكی خۆڵبارین روو له‌ عێراق و هه‌رێم ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 29/03/2018‌ :: 4130‌ جار بینراوە

دواڕۆژ 
شه‌پۆلێكی خۆڵبارین روو له‌ ناوچه‌كانی ناوه‌راست و باكوری عێراق ده‌كات و كه‌شناسى هه‌رێمیش رایده‌گه‌یه‌نێت، ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری نزمه‌ پاڵه‌په‌ستۆی ده‌ریای سوورو نیمچه‌ دورگه‌ی عه‌ره‌بی.


سادق عەتیە، شارەزا و پێشبینیكاری كەشوهەوای عێراقی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 29ى ئازارى 2018 رایگه‌یاند، شه‌پۆلێكی خۆڵبارین روو له‌ ناوچه‌كانی ناوه‌راست و باكوری عێراق ده‌كات و به‌به‌ره‌به‌یانی پێنجشه‌ممه‌ به‌ سوكی و له‌ ئێواره‌كه‌یدا چڕده‌بێته‌وه‌. 

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ له‌ كاتژمێره‌كانی شه‌ودا، شه‌پۆلی خۆڵباریینه‌كه‌ له‌ شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و دیاله‌ و سلێمانی كه‌ركوك زیاتر ده‌بێت. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، چڕی خۆڵباریینه‌كه‌ له‌ ئێواره‌ی هه‌ینی له‌ باكوری عێراق كه‌مده‌بێته‌وه‌ و به‌ڵام له‌ باشور زیاتر ده‌بێت تاوه‌كو له‌ به‌یانی رۆژی شه‌ممه‌ كۆتایی پێدێت. 

به‌پێی پێشبینییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌مڕۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری نزمه‌ پاڵه‌په‌ستۆی ده‌ریای سوورو نیمچه‌ دورگه‌ی عه‌ره‌بی. به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ كاته‌كانی به‌یانی ئاسمان ساماڵ و په‌ڵه‌ هه‌ور ده‌بێت و پاشان ده‌گۆڕێت بۆ نیمچه‌ هه‌ورو هه‌وری ته‌واو له‌گه‌ڵ زیادبوونی خێرای باو و به‌رزبوونه‌وه‌ی تۆزێكی كه‌م.

هه‌ر به‌پێی پێشبینییه‌كان، رۆژی هه‌ینی كاریگه‌ری نزمه‌ پاڵه‌په‌ستۆی ده‌ریای سوور زیاتر ده‌بێت، به‌وه‌ش ئاسمان هه‌وری ته‌واو ده‌بێت و بارانبارین له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان رێژه‌ی زیاتر ده‌بێت و هه‌ندێكجار هه‌وره‌تریشقه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌بێت، به‌تایبه‌تی ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی پارێزگای دهۆك، له‌ سه‌نته‌ری پارێزگاكانیش بارانێكی كه‌م ده‌بێت و له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ش كاریگه‌ری خۆڵبارین زیاتر ده‌بێت و له‌گه‌ڵ باران تێكه‌ڵ ده‌بێت، هه‌روه‌ها پله‌كانی گه‌رما به‌گشتی نزمده‌بێته‌وه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure