وەزیری دارایی چەند زانیارییەك سەبارەت بە مووچەو داهات و دامەزراندن ئاشكرا دەكات

هەواڵ / ئابوری :: 28/03/2018‌ :: 1251‌ جار بینراوە

دواڕۆژ،ئارارە حەمید

 وەزیری دارایی و ئابووری دیبەیتێكی لەگەڵ دەزگا راگەیاندنەكان هەرێمی كوردستان ئەنجامدا، بە ئامانجی پێدانی رونكردنەوەی پێویست لەسەر داهات و خەرجی بۆ ئەوەی هاوڵاتیان زانیاریان لەسەر تەواوی داهات و خەرجی حكومەتی هەرێم هەبێت.

لەسەرەتای دیبەیتەكە، كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 28ى ئازار به‌ڕێوه‌چوو، رێبارز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری باسى لە دروستبوونی قەیرانی دارایی كرد كە شەڕی داعش و دابەزینی نرخ نەوت و هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەكان كرد و وتی" قەیرانی دارایی كاریگەری لەسەر مووچەخۆران و بازاڕ دروستكردوە  مافی مووچەخۆرانە كە داوای مووچە دەكەن و ناڕەزای دەردەبڕن  ".

رێباز حەملان باسی لە هاتنی بڕە پارەیەك كرد لە بەغدا لە 18ى ئازارى 2018 وتی" دوای ئەوەی ئێوارەكەی ئاگاداركراینەوە بە ناردنی بڕە پارەیەك راستەوخۆ تا دەرنگانی شەو بەردەوامبووین بۆ گواستنەوەی ئەو بڕە پارەیە بۆ بانكەكان و بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین خەڵك بۆ نەورۆز مووچە وەربگرن و بۆیە لیستی مووچەی حەوت وەزارەتمان راگەیاند".

وه‌زیرى دارایی وتیشى"لە رونكردنەوەی وەزارەتیش بەڵێنماندابوو كە دوای نەورۆز كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت بۆ دەستكاریكردنی پاشكەوتی مووچە و كە ئەمڕۆش دەستكاریكردنه‌كه‌مان راگەیاند".

رێباز حەملان باسی لەوەشكرد كە وردەكاری دابەشكردنی ئەو بڕە پارەیەی لە بەغدا هاتوو بۆ بەغدامان ناردوە.

سەبارەت بە چاكسازییەكان وەزیری دارایی و ئابووری رونیكردەوە كە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری دەستكراوە بە چاكسازیی و بەردەوامیشە و هەنگاوی گەورە نراوە بۆ چاكسازی.

جه‌خیشكرده‌وه‌ كه‌ لە ئێستادا داهاتی ناوخۆ نزیك بە 120 ملیار دینارە و بەشێكی زۆری بۆ خەرجی رۆژانەی حكومەتی هەرێم خەرجدەكرێت و هەروەها كورتەیەكی لەسەر داهاتی فرۆشتنی نەوت.

پاشان رۆژنامەنووسان پرسیاریان ئاڕاستەی وەزیری  و دارایی و ئابووری كرد و یەكەم پرسیار لەسەر قەرزەكانی حكومەتی هەرێم كرا و لەمڕوەوە رێباز حەملان وتی "لە ئێستادا فەرمانگەیەك كراوە لە ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە قەرەزەكانی حكومەتی هەرێم و لە ئایندەیەكی نزیك قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم بڵاودەكاتەوە".

هەروەها حكومەتی عێراق بەڵێنیداوە كە مانگانە سێ سەد و حەڤدە ملیار دینار بۆ هەرێم بنرێت و هەرێمیش بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی بەغدا بكات.

وەزیری دارایی و ئابووری سەرجەم ئەو دەنگۆیانەشی رەتكردەوە كە دەستكاریكردی پاشكەوتی مووچە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بێت و وتی "پێدانی مووچە هیچ منەتێكی تێدا نییە و كاری حكومەتە مووچە بداتە مووچەخۆران و هەروەها گرەنتیمان لە بەغدا وەرگرتوە، بۆیە دەستكاریی پاشكەوتی مووچەكراوە".

سەبارەت بە گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا رێباز حەملان رونیكردەوە"گفتوگۆكان بەردەوامە و ئومێدمان هەیە كە گفتوگۆكان ئومێد بەخشن".

ده‌رباره‌ى میكانیزمى پاشكەوتی هێزەكانی ناوخۆ وتی"  12 ملیار دینارمان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ داناوە بۆ ئەوەی دەستكاری پاشكەوتیان بكرێت".

باسی لەوەشكرد كە دوای ئەوەی قەیرانی دارایی چارەسەر بوو و پڕۆژە یاسای بودجەمان هەبوو دامەزراندن دەكرێتەوە.

وەزیری دارایی و ئابووری باسی لە پڕۆژە یاسایی چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و خانەنشین كرد و وتی" ئەم پڕۆژە یاسایە بەشێكی زۆری گرفتەكانی هەرێمی كوردستانی چارەسەر دەكرد ولە ئێستاشدا داوا دەكەین پەرلەمان دەست بە دانیشنی نائاسایی بكات بۆ پەسندكردنی پڕۆژە یاساكە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure