دواڕۆژ
بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵى ئیسلامى ره‌خنه له قسه‌كانى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌گرن و دەڵێن "ئیستیغلالى خۆپیشاندانه‌كانمان نەکردووە".
ئه‌مڕۆ چوارشەممە 28ی ئازار نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، هه‌ندێك له‌لایه‌نه‌كان ئیستیغلالى خۆپیشاندانه‌كانیان كردووه و ئه‌وانیش وه‌ڵامى توندیان ده‌ده‌نه‌وه.
به‌هۆى داواكردنى لابردنى سیسته‌مى پاشه‌كه‌وتى مووچه، له رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى رابردووه‌وه زنجیره‌یه‌ك خۆپیشاندان له شاره‌كانى كوردستان ده‌ستى پێكردووه و لایه‌نه‌كانى گۆڕان و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵى ئیسلامیش به‌شدارییان تێدا كرد.
ساڵح ژاژڵهیى، جێگرى سه‌رۆكى جڤاتى گشتى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به دواڕۆژى راگه‌یاند "ئه‌وان هه‌ر كه‌سێك داواى مافی خۆی بکات تۆمه‌تێك ده‌ده‌نه پاڵ لایه‌نێك، كاتێكیش ده‌ڵێت وه‌ڵامی توندیان ده‌بێت، چی‌یان له‌ده‌ست هاتووه كردوویانه و چیشیان له‌ده‌ست دێت بیكه‌ن، ئیتر له‌مه‌ودوا خه‌ڵك قبوڵى ناكات".
وتیشى "پێشتر ده‌یانوت خه‌ڵكى شارى هه‌ولێر و ناوچه‌ى بادینان بێده‌نگن، ئه‌مجاره ئه‌وانیش له‌به‌رئه‌وه‌ى تینیان بۆ هات خۆپیشاندانیان كرد".
ئه‌و به‌رپرسه‌ى گۆڕان ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئه‌گه‌ر تۆمه‌تیش بۆ ئێمه دروست ده‌كه‌ن ئێمه ناترسین به‌ئاشكرا پشتیوانى له داواى خه‌ڵك ده‌كه‌ین و پێیان ده‌ڵێین داواى مافی خۆتان بكه‌ن.
هاوکات ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان لە لێدوانێکیدا به دواڕۆژى وت "قسه‌كانى ئه‌مڕۆ له قسه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم و پیاوى ده‌وڵه‌ت نه‌ده‌چوو، به‌ڵكو له‌وپه‌ڕى بێباكى و بێمنه‌تییه‌وه قسه‌ى ده‌كرد و به‌داخه‌وه ده‌نازن به‌و هێزه چه‌كداره‌ى كه له ده‌وریانه".
به‌وته‌ى هه‌ڵه‌دنى، یه‌كگرتوو به‌شدارى كاراى خۆپیشاندانه‌كانى كردووه، چونكه خۆپیشاندان مافێكى مه‌ده‌نییه و دەشڵێت "ئێمه له‌نێوان بێده‌نگى و كوده‌تا، بژارده‌ى خۆپیشاندانمان هه‌ڵبژاردووه و سووریش ده‌بین له‌سه‌رى".
هاوشێوەی گۆڕان و کۆمەڵ، مه‌روان گه‌ڵاڵى سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى لە پەرلەمانی کوردستان له‌سەر قسەکانی سەرۆکی حکومەت هاتەدەنگ و بە دواڕۆژ رایگه‌یاند "به‌داخه‌وه ده‌بوو سه‌رۆكى حكومه‌ت بهئاڕاستهیهكى دیكه قسه‌ى بكردایه و دڵئارامى به شه‌قامى كوردى ببه‌خشێت و خه‌ڵك متمانه‌ى بۆ دروست ببێته‌وه، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه بوو".
گه‌ڵاڵى ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو كه ئه‌وانیش وه‌كو لایه‌نه‌كانى دیكه مامۆستا و پزیشك و كارمه‌ندیان هه‌یه و بۆیان هه‌یه داواى مافى خۆیان بكه‌ن و وتى "خۆپیشاندانه‌كان به سیاسى نه‌كراوه و ده‌توانم بڵێم زۆر مه‌ده‌نى بوون، سه‌ره‌ڕاى به‌كارهێنانى توندوتیژى به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران، به‌ڵام خۆپیشانده‌ران په‌رچه‌كرداریان نه‌بووه".
سه‌ركرده‌كه‌ى كۆمه‌ڵ وتیشى "ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵ بیه‌وێت دۆسیه‌یه‌كى له‌و شێوه‌یه ئیستیغلال بكات هێندەی ئه‌وه‌نده غیره‌تمان هه‌یه به سه‌ركرده و جهماوهرمانهوه و جه‌نابى مامۆستا عه‌لى باپیر له پێش خه‌ڵك ده‌بێت و مه‌كته‌بى سیاسى و سهركردایهتیشى له‌گه‌ڵ ده‌بێت و دێینه سه‌ر شه‌قام".