په‌یامنێرێكى دواڕۆژ له‌ هه‌ولێر بێسه‌روشوێنه‌

هەواڵ / کوردستان :: 28/03/2018‌ :: 444‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
له‌ میانه‌ى روماڵى خۆپیشاندانه‌كانى هه‌ولێر په‌یامنێرێكى سایتى دواڕۆژ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌ و تائێستا چاره‌نوسیان نادیاره‌.

به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28ى ئازارى 2018 خۆپیشاندانه‌كانی هه‌ولێر بۆ چواره‌م رۆژ درێژه‌ى كێشا، هانا ئیسماعیل ناسراو به‌ (هانا چۆمانی) رۆژنامه‌نوسی سايتى دواڕۆژ-یش كه‌ به‌مه‌به‌ستی روماڵكردنی خۆپیشاندانه‌كه‌ چبووه‌ نزیك خۆپیشاندانه‌كه‌ له‌لایه‌ن هێزێكی ئه‌منییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر و رۆژنامه‌نوسی تر ده‌ستبه‌سه‌ركراون و تائێستا چاره‌نوسیان نادیاره‌. 

هه‌ر دوای رووداوه‌كه‌ ده‌زگای دواڕۆژ بۆ روناكبیرى و راگه‌یاندن له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك به‌رپرس و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌ولێر به‌دواداچوونی كرد بۆ سۆراغ كردن و ئازادكردنی (هانا چۆمانی)، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هیچ وه‌ڵامێكى له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌. 

به‌ درێژایى چوار رۆژى خۆپیشاندانه‌كان له‌ هه‌ولێر، تیمى دواڕۆژ روماڵى خۆپیشاندانه‌كانى كرد، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ روبه‌ڕووى رێگرى كرانه‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ پێشتر هانا چۆمانی وتی "لە رۆژی یەكەمی خۆپیشاندانەكە و لەكاتی گواستنەوەی خۆپیشاندانەكەدا بەشێوەی راستەوخۆ، كەسێك رێگریی لە تیمەكەمان كرد و ئەگەر شوێنی خۆپیشاندانه‌كه‌مان جێنەهێشتایه‌ ئەوا رووبەڕووی پێشلكاریی تر دەبووینەوە. رۆژی دووەمیش مۆبایلی تیمێكمان لەلایەن هێزە ئەمنیەكانه‌وه‌ دەستى بەسەرداگیرا".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure