دوو پڕۆژه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ و كه‌سوكارى شه‌هیدان ده‌خرێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 27/03/2018‌ :: 478‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا و كۆچه‌ر
به‌رپرسێكى ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەو دوو پڕۆژەیەی لە یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا پێشکەش به‌ ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وه‌زیرانى عێراقیان کردووە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.


ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 27ى ئازارى 2018 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، ئەو دوو پڕۆژەیەی لە یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا پێشکەش به‌ مەهدی عەلاق، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وه‌زیرانى عێراقیان کردووە، خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وتیشى "یەکەمیان ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی ژمارە ١٥ی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر بنەمای ماددەی ١٣٢ی دەستور بڕیارێکی پەرلەمانی بۆ دەرکرا بۆ یەکخستنی یاسا و بڕیار و رێنماییەکانی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لەگەڵ ھەردوو دەزگای شەھیدان و دەزگای زیندانییە سیاسییەکان لە بەغدا و لە ئەستۆگرتنی ئیمتیازات و مافەکانی کەسوکاری شەھیدان و زیندانیە سیاسییەکان لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی کە ئەمەش لە بەرژەوەندی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و زیندانیە سیاسییە خۆڕاگرەکانە".

ئامانج رەحیم ئاماژه‌شیدا "دووەمیان ئەوەیە کە ئەم ئێوارەیە وەفدێکی باڵای حکومەتی فیدڕاڵی گەیشتنه‌ سلێمانی و یەکەم بڕگەی ئەجێندای کۆبوونەوەکانیان تەواوکردنی رێکارەکانی بە رەسمی ناساندنی مەرزی تەوێڵەیە وەک مەرزێکی نێودەوڵەتی و، به‌مه‌ش لەگەڵ چوونە بواری جێبەجێکردنی قانونی بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی ٢٠١٨ رێژەی ٥٠٪‏ی داھاتی گومرگی ئەو مەرزە بۆ پارێزگای ھەڵەبجە خۆی دەبێت".

ده‌رباره‌ى بڕیاره‌كه‌ى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مان فوئاد عوسمان، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، كه‌مترین مووچه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان له‌ هه‌رێم له‌ 550 هه‌زار دیناره‌ و هى پله‌باڵاكانیش تا نزیك چوار ملیۆن دینار ده‌بێت، به‌ڵام به‌ جێبه‌جێكردنى ئه‌م بڕیاره‌ كه‌مترین مووچه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان ده‌بێته‌ یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار دینار و پله‌باڵاكانیش كه‌مده‌كرێته‌وه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، سه‌رجه‌م مووچه‌كان به‌پێى یاساى ژماره‌ 3ى عێراقى كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پێدانى ماف و ئیمتیازاته‌كانى كه‌سوكارى شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسى له‌ عێراق، بۆیه‌ به‌پێى بڕیاره‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران مووچه‌ى سه‌رجه‌م مووچه‌خۆرانى كه‌سوكارى شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌و یاسایه‌ هه‌موارده‌كرێته‌وه‌. 
 
روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران  داواشی له‌ هه‌ردوو ده‌زگای شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی عێراق كردووه‌ هه‌ماهه‌نگی ته‌واو له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی شه‌هیدانی هه‌رێم بكات بۆ رێكخستنی رێنماییه‌ ئیداری و داراییه‌كان و داواشی له‌ حكومه‌تی به‌غدا كردووه‌ رێوشوێنی تایبه‌ت بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ بگرنه‌به‌ر.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure