ململانێى وه‌نكۆین و دۆلارى ئه‌مریكى

هەواڵ / ئابوری :: 30/03/2018‌ :: 754‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی سامان قوبادى
دراوه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كان، سه‌ره‌ڕاى ده‌ركه‌وتنیان و خستنه‌بازاڕ و به‌رفراوانبوون و به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌هاكانیان، به‌ڵام هێشتا زۆربه‌ى وڵاتان پشتگیرییان ناكه‌ن و بانكه‌ ناوه‌ندییه‌كان پاڵپشتیان نین و ماتمانه‌یان پێناكه‌ن‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ و كڕین و فرۆشتنى دراوه‌ كریپتۆكره‌نسیه‌كان له‌ ژێر چاودیریى ئه‌واندا نییه‌. له‌ هه‌ندێك مامه‌ڵه‌كردن پێیانه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌، یه‌كێك له‌و دراوانه‌ى پرسیارى زۆرى به‌دواى خۆیدا ورووژاندووه‌ دراوى "وه‌نكۆینه‌".


 كریپتۆكره‌نسى و مه‌ترسییه‌كانى بۆ سه‌ر دۆلار 
ئه‌حمه‌د ئیسماعیل، مامۆستاى زانكۆ و شاره‌زاى بوارى دراوه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان، بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت "قه‌باره‌ى خستنه‌ڕووى وه‌نكۆین گه‌یشتۆته‌ 120 ملیار وه‌نكۆین، ئه‌وه‌ش تا تاڕاده‌یه‌ك مه‌ترسییه‌، ئه‌گه‌رچى به ‌ته‌نیا هه‌ر وه‌نكۆین نییه‌ كه‌ مه‌ترسى هه‌یه‌، به‌ڵكو زۆرێك له‌ دراوه‌ گریمانه‌ییه‌كانى تریش مه‌ترسین، به‌ڵام وه‌نكۆین له‌ هه‌موویان زیاتره‌، چونكه‌ قه‌باره‌ى خستنه‌ڕووى زۆره‌ كه‌  120 ملیار وه‌نكۆین دروستكراوه‌ و خراوه‌ته‌ بازاڕه‌وه‌ و له‌ بازرگانیى نێوده‌وڵه‌تیدا به‌كارده‌هێنرێت".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ش وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ دراوێكى تر بێته‌‌ بازاڕه‌وه‌ له‌سه‌ر حسابى به‌رته‌سكبوونه‌وه‌ى دراوه‌كانى تر، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌، به‌تایبه‌ت بۆ سه‌ر دراوه‌ جیهانییه‌كان و له ‌نێویشیاندا  دۆلار به‌ رێژه‌یه‌كى دیاریكراو".

دۆلار هۆكارێك بۆ رووخانى سه‌دام حسێن
یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ى دژایه‌تیى دراوه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان ده‌كات، ئه‌مریكایه‌ كه‌ به‌رده‌وام كارده‌كات بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ى دراوه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كان. 

له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌حمه‌د ئیسماعیل باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا رێگریى له‌ وه‌نكۆین بكات ماناى وایه‌ لێى ده‌ترسێت، واته‌ ركابه‌رێك بۆ دراوه‌كه‌ى دروستبووه‌ و ده‌ڵێت "ئه‌مریكا به‌وه‌ بێزار ده‌بێت و به‌رگه‌ى ئه‌وه‌ ناگرێت دراوێكى نوێ بێته‌ بازاڕى نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌، پاوه‌ن و یورۆ و یووانى چین-ى هێشتا نه‌یانتوانیوه‌ گه‌ورتربن له‌ دۆلار له‌ مامه‌ڵه‌ى نێده‌وڵه‌تیدا".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "له‌ 2002 دا سه‌دام حسێن وتى نه‌وت به‌ یورۆ ده‌فرۆشین نه‌ك به‌ دۆلار. ئه‌وه ‌بوو دواتر ئه‌و كاره‌ساته‌ قورسه‌ به‌ سه‌ر عێراقدا هات و بووه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانى رووخانى سه‌دام".

چاره‌نووسى  پاره‌ى كاغه‌ز له‌ ئه‌گه‌رى چوونه‌ ناو بۆرسه‌ى وه‌نكۆیندا
سه‌ركه‌وتنى دراوه‌ گریمانه‌ییه‌كان، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر وه‌نكۆین به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا به‌رده‌وام بێت و بچێته‌ بۆرسه‌وه‌، هه‌نگاوێكه‌ بۆ نه‌مانى دراوى كاغه‌زیى. وه‌نكۆین ده‌توانێت سه‌ركردایه‌تى ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بكات، به‌ڵام پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لۆژیایش هاوكارێكه‌ بۆ ئه‌مه‌، له‌ ئه‌وروپا زۆربه‌ى خه‌ڵك پاره‌ى كاش-ى پێ نییه‌ و له ‌رێگه‌ى كارته‌وه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ره‌نگه‌ تا 20 ساڵى تر دراوى كاغه‌زیى كۆتایى پێبێت و دراوى دیجیتاڵى جێگه‌ى بگرێته‌وه‌.

شاره‌زاكه‌ى بوارى دراوه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان پێیوایه‌ "وه‌نكۆین له ‌دواى دروستبوونیه‌وه‌ تائێستا، گۆڕانكاریى به‌سه‌ر به‌هاكه‌یدا هاتووه‌، ئه‌مه‌یش به‌هۆى كه‌میى خستنه‌بازاڕه‌وه‌، هاوكات خه‌ڵكێكى زۆر روویان له‌ كڕینى دراوه‌ گریمانه‌ییه‌كان كردووه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ده‌وترێت ئه‌گه‌ر بچێته‌ بۆرسه‌وه‌ به‌هاكه‌ى رۆژ به‌ رۆژ به‌رزتر ده‌بێته‌وه"‌.

دارا كه‌ریم مه‌حمود، مامۆستاى زانكۆ و گه‌شه‌پێده‌رى دراوى گریمانه‌یى وه‌نكۆین له‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌باره‌ى خواست له‌سه‌ر وه‌نكۆین له‌ئێستادا، بۆ دواڕۆژ وتى "ئێستا خواست له‌سه‌ر وه‌نكۆین بە وردیی دیار نییە تاوەکو نەچێتە بۆرسەوە، بەڵام لەگەڵ ئەو بەیاساییکردنانەی کۆتایی بۆ هەموو کریپتۆکره‌نسییەکان، بە گشتی لە وڵاتانی جیهاندا کاریگەریی لەسەر خواستی وەنکۆین-یش هەبووە".

 وتیشى "هەرچەندە بە بڕوای چەندین شارەزای ئابوری، ئەمەی ڕوودەدات دواجار لە قازانجی کریپتۆکره‌نسیە بەیاساییکراوەکاندایه‌ وەک ڕیپڵ و وەنکۆین کە کار بۆ بەدامەزراوەییکردنی کریپتۆکره‌نسی دەکەن".

هاوكات، به ‌بڕواى ئه‌و گه‌شه‌پێده‌ره‌ى وه‌نكۆین "زۆرینەی کریپتۆکره‌نسیەکان بە مەترسی دەبینرێن بۆ سەر دراوە کاغەزییەکان، وڵاتانیش خۆیان درکیان بە گرنگیی دراوه‌ گریمانییه‌كان کردووە، به‌ڵام هەرگیز وه‌نكۆین نابێتە مەترسی بۆ سەر دۆلار یان هەر دراوێکی دیکە، چونکە ئه‌م دراوه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌ بۆ ڕێکخستن و باشترکردنی مامەڵە داراییەکان هاتووە، دەیەوێت کڕین و فرۆشتنی ڕۆژانەی خەڵکی ئاسایی، ڕێکبخات".

به‌هاى وه‌نكۆین به‌رمبه‌ر یورۆ

بەپێی سایتی dealshaker کە تیایدا کڕین و فرۆشتن بە کەلوپەلەوە دەکرێت، ئێستا بەهای هەر وەنکۆین-ێک لە سەرووى ٢٢ یورۆوه‌یه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا هێشتا وەنکۆین پەبلیک نەبووە و نەچووه‌تە بۆرسەوە، بۆیە لە ئێستادا بەهای هەیە نەک نرخ، هەرکات چووە بۆرسەوە نرخە ڕاستەقینەکەی دەردەکەوێت.

زۆر لە شارەزایان و کەسانی پێشەنگ لەم بوارەدا، پێشبینیی سەرووى ٢٠ دۆلار بۆ هەر کۆینێک دەکەن لەدوای پەبلیک بوونی وەنکۆین کە بڕیارە ٨/١٠/٢٠١٨دا بێت. چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت ئەم نرخە زۆر باش بێت، چونکە خەڵکانێکی زۆر تا ئێستا کە پێشتر بەشداربوون، هەر کۆینێکیان بە ١٠ بۆ ٢٠ سەنت دەستکەوتووە و لە کۆتاییدا دەتوانن قازانجێکی گەورەی لێبکەن. هەروەها دەبێت ئەوەش بوترێت کە نابێت نە بۆرسە و نه‌ بازاڕی جیهانیی بە کەم ببینرێن. لە کۆتاییدا ئەمە بزنسە و ئەگەری قازانج و زیانیش هەیە. بۆرسه‌ى دراوه‌ ئه‌لیتكرۆنیه‌كان پێیوایه‌ ئەگەری ئەوەش هەیە کە نرخەکەی زۆر کەم بێت یاخود زۆر لە پێشبینیەکانیش بەرزتربێت، چونکە خەڵکی لە هەموو جێگەیەکەوە بڕیار لەمە دەدەن، ئەوکات بە تەواوی نرخەکەی پەیوەست دەبێت بە خواست و خستنەڕووەوە.

كوردستان و مامه‌ڵه‌كردن به‌ دراوه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كانه‌وه‌

دارا كه‌ریم، ئه‌وه‌یش‌ ده‌خاته‌ڕوو "خواست لەسەر کڕینى دراوه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كان بە گشتی زیادی کردووە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، چونکە لەمساڵدا زیاتر خەڵکی لە کوردستان ئاشنابوون بە دراوى گریمانه‌یى، هەرچەندە دابەزین و بەرزبوونەوەی زۆر بەخۆیانەوەدەبینن".

به‌بڕواى ئه‌و مامۆستایه‌ى زانكۆ "زۆربەی سەرمایەدارەکان تا ئێستا بەشداربوونی خۆیان نەک لە وەنکۆیندا بەڵکو لە کریپتۆکره‌نسی-یشدا بە گشتی باس ناکەن تا ئەوکاتەی هەموویان بە یاسایی دەکرێن و وڵاتان بە ئاسانی ڕێگەی مامەڵەکردنیان پێدەدەن، بۆیە ئەستەمە لەم قۆناغەدا ناویان بزانرێت تا ئەوکاتەی وەنکۆین پەبلیک دەبێت و دەچێتە بۆرسەوە".








  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure