سلێمانی: ھاوردەکردنی مریشکی بەستوو رادەگیرێت

هەواڵ / ئابوری :: 27/03/2018‌ :: 479‌ جار بینراوە

 دواڕۆژ، زریان محەمەد
بەمەبەستی راگرتنی ھاوسەنگی و به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخ، ھاوردەی بەروبوومی پەلەوەری سنورداردەکرێت و جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانیش رایدەگەیەنێت بەمەرجەکانی ڤێتێرنەری و تەندروستی بەرھەمەکان ھاوردە دەکرێت.

  
رزگار حەمەد خدر، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 27ى ئازار بە دواڕۆژی راگەیاند، لیژنەی دیاریکردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانی کۆبوەوە، پاش ھەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرھەمھێنانی بەروبومی ناوخۆیی، بڕیاردرا پێداچونەوە بەبڕی ئەو بەروبووم و پێداویستییانەدا بکرێت کە ھاوردەی پارێزگای سلێمانی دەکرێت.

وتيشى"بە لەبەرچاوگرتنی ھاوسەنگی لە نێوان بەرھەمی ناوخۆ و ھاوردەکراودا بڕیاردراوە کە رێگە بە ھاوردەکردنی مریشکی بەستوو نەدرێت لەبەرئەوەی بەرھەمی ناوخۆ توانای دابینکردنی بازاڕەکانی ھەیە و پێویستی بە بەرھەمی بەستوو و ھاوردەکراو نیە".
 
به‌رپرسه‌كه‌ى كشتوكاڵ رونیشیكرده‌وه‌ "بەھۆی ھاتنی وەرزی زاوزێ و قەدەغەکردنی راووکردنی ماسی و ھاتنی وەرزی گەشتوگوزار، بڕیاردراوە 600 تەن ماسی ھاوردەبکرێت تا پێداویستى و خواستی بەکارھێنەرەکان پڕبکاتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕی ئەو بەروبومانەی لەم مانگەدا ھاوردە دەکرێن بریتی یە لە 510 تەن ھێلکەی خواردن و 500 تەن گۆشتی سور لەگەڵ ھاوردەکردنی 15 ھەزار سەر گوێرەکە بۆ ھەرسێ مانگی داھاتوو.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure