خوێندكارانى 12 ى ئاماده‌یى 48 كاتژمێر مۆڵه‌ت ده‌ده‌نە په‌روه‌رده‌

هەواڵ / کوردستان :: 27/03/2018‌ :: 279‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌ دروشمی (چیتان ده‌وێت خوێندكاران، داهاتووی ڕه‌نجی شانمان) ئه‌مڕۆش خۆپیشاندانى ژماره‌یه‌ك له‌ خوێندكارانی پۆلی 12ی ئاماده‌یی خوێندنگە ئاماده‌ییه‌كانی سنوری قه‌زای سه‌یدسادق ئه‌نجامدرا و  خوێندكاران مۆڵه‌تى 48 كاتژمێریان دایه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى داواكارییه‌كانیان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ڵوێستى توند ده‌گرنه‌به‌ر.

دواى ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ خوێندكارانى پۆلى 12ى ئاماده‌یى خوێندنگەکانى سه‌یدسادق له‌ ناوبازاڕى قه‌زاى سه‌یدسادقه‌وه‌ به‌ ڕێپێوان به‌ره‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ى قه‌زاكه‌ به‌ڕێكه‌وتن دواتر له‌ به‌یاننامەیه‌كدا داواكارییه‌كانیان ئاڕاسته‌ى په‌روه‌رده‌ى سه‌یدسادق كرد.

پێشه‌نگ عه‌تا، یه‌كێك له‌ خوێندكارانى پۆلى 12ى ئاماده‌یى به‌یاننامه‌كه‌ی خوێندكارانی خوێندنگە ئاماده‌ییه‌كانى خوێنده‌وه‌ كه‌ تیایدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌مه‌ بۆجارى دووه‌مه‌ كه‌ وه‌ك خوێندكارانى پۆلى 12ى ئاماده‌یى سنورى سه‌یدسادق خۆپیشاندان ئه‌نجام ده‌ده‌ین بۆ داواكارى مافه‌كانمان كه‌ خۆى ده‌بینێته‌وه‌ له‌ پێدانى دڵنیایى به‌سه‌رجه‌م خوێندكاران كه‌ به‌شدارى تاقیكردنه‌وه‌كانى كۆتایى ساڵ بكه‌ین  هه‌روه‌ها داواكارین له‌ماوه‌ى كه‌متر له‌ هه‌فته‌یه‌كدا باجى به‌شداریكردن له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانى كۆتایى ساڵمان بۆ دروست بكرێت، هاوكات ئه‌و ماوه‌ كه‌مه‌ى كه‌ ماوه‌ بۆ خوێندنى ئه‌مساڵ بتوانرێت ده‌رگاى خوێندنگاكان بكرێنه‌وه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ئێمه‌ى خوێندكاران بوینه‌ته‌ قوربانى سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانى حكومه‌ت و ئێستا مه‌ترسییه‌كى جدى له‌سه‌ر چاره‌نوسى خوێندنى ئه‌مساڵمان دروستبووه‌ و ئه‌گه‌ریش به‌شدارى تاقیكردنه‌وه‌كان بكه‌ین ناتوانین وه‌ك پێویست نمره‌ به‌ده‌ست بهێنین بۆیه‌ نامانه‌وێت له‌وه‌ زیاتر خوێندكاران ببنه‌ قوربانى.

ئه‌و خوێندكاره‌ى پۆلى 12ى ئاماده‌یى ئه‌وه‌شى وت "وه‌ك خوێندكارانى ئاماده‌یى سه‌رجه‌م خوێندنگەكانى قه‌زاى سه‌یدسادق مۆڵه‌تى 48 كاتژمێرمان داوه‌ته‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ كه‌ وه‌ڵاممان بداته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ دواى ئه‌و واده‌یه‌وه‌ هه‌ڵوێستى توندمان ده‌بێت".

خوێندكاران زیاد له‌ كاتژمێرێك له‌به‌رده‌م بیناى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى په‌رورده‌ى سه‌یدسادق مانه‌وه‌ بۆ ده‌ستكه‌وتنى وه‌ڵام، به‌ڵام به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ له‌ سلێمانییه‌ و له‌ كۆبونه‌وه‌دایه‌ كه‌سێك نه‌بوو گوێ له‌ داوكارى خوێندكاران بگرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure