عێراق له‌به‌رده‌م قه‌یرانى ئاودا

هەواڵ / چاوی تۆ :: 25/03/2018‌ :: 273‌ جار بینراوە

بورهان شێخ ڕه‌ئوف 
سه‌ره‌ڕاى قه‌یرانه‌ گورچكبڕه‌كانى عێراق، هه‌ر له‌ تیرۆر و گه‌نده‌ڵى و پێكنه‌هاتنى پێكهاته‌كان له‌سه‌ر فۆرمێكى گونجاو له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستورى عێراقدا بۆ به‌ڕێوه‌بردنى وڵات, قه‌یرانى سه‌رچاوه‌كانى ئاو و وشككردنى له‌لایه‌ن وڵاتانى دراوسێوه‌، به‌ تایبه‌تى ئێران و توركیا، به‌رده‌رگاى به‌ عێراق گرتووه‌ و پێده‌چێت له‌ ساڵانى ئاینده‌دا  كێشه‌ى ڕاسته‌قینه‌ بن.

ئه‌م ترسه‌ له‌خۆڕا نه‌هاتووه‌ به‌ڵكو ئه‌وه‌ى ناوه‌نده‌كانى چاودێریى سه‌رچاوه‌كانى ئاو له‌ جیهان و ناوچه‌كه‌ ئاماژه‌ى پێده‌كه‌ن و پێشبینیى ده‌كه‌ن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تا ساڵى 2040 عێراق ده‌بێته‌ وڵاتێكى بێ ڕووبار و هه‌ردوو زێى(نه‌مر) دیجله‌ و فورات، كه‌ له‌ ڕابردوودا واى پێده‌وترا، ئیتر ده‌مرن و ناگه‌نه‌ شه‌تولعه‌رب و كه‌نداوى عه‌ره‌بى و ده‌ریا. به‌ تایبه‌تى له‌ هه‌شت ساڵى ئاینده‌دا واته‌ تا ساڵى 2025 ڕووبارى فورات به‌ ته‌واوى وشك ده‌بێت و سه‌ره‌تاى وشكه‌ساڵییه‌كى گه‌وره‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات و ڕووبارى دیجله‌یش ده‌بێته‌ زێیه‌كى بچووك و باریك.

عێراق له‌ئێستادا ڕووبه‌ڕووى كه‌مبوونه‌وه‌ و دابه‌زینى سه‌رچاوه‌كانى ئاو ده‌بێته‌وه‌ تا ڕاده‌ى  وشككردن به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ سێ ده‌یه‌ى ڕابردوودا به‌ تێكڕا نیوه‌ى ئه‌و ئاوه‌ى له‌ده‌ستدراوه‌ كه‌ له‌ نیوه‌ى یه‌كه‌مى سه‌ده‌ى ڕابردوودا خاوه‌نى بووه‌.

له‌لایه‌كى تره‌وه‌ له‌ ده‌ ساڵى ڕابردوودا 80%ى ئه‌و بڕه‌ ئاوه‌ى كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌كانى ئێران-ه‌وه‌ ده‌ڕژانه‌ خاكى عێراق-ه‌وه‌ له‌ده‌ستچوون به‌هۆى بڕینى زیاتر له‌ 35 زێى سه‌ره‌كى و سه‌رچاوه‌ى ئاو، ئه‌مه‌ به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتى كۆمیته‌ى كشتوكاڵ و ئاوى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق. هه‌روه‌ها ڕاپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌ كه‌ له‌ئێستادا ته‌نها حه‌وت زێ و سه‌رچاوه‌ى ئاو ماون له‌ ئێران-ه‌وه‌، حكومه‌تى ئێران له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه‌ ئه‌وانیش ببڕێت، چ به‌ بنیاتنانى به‌نداو بێت یان به‌ پڕۆژه‌ى ئاودێریى.
هه‌ر ده‌رباره‌ى ئه‌و سه‌رچاوه‌ ئاویانه‌ى له‌ ئێران-ه‌وه‌ ده‌ڕژێنه‌ خاكى عێراق-ه‌وه‌، ئێران له‌ هه‌نگاوێكى یه‌كلایه‌نه‌دا ڕێڕه‌وى هه‌ردوو ڕووبارى كارون و ئه‌ڵوه‌ن-ى گۆڕى، ئه‌مه‌یش زیانى زۆرى به‌ كشتوكاڵى پارێزگاكانى به‌سره‌ و واسیت و دیاله‌ گه‌یاند. له‌لایه‌كى تره‌وه‌ حكومه‌تى ئێران له‌ ساڵى 2011 دا بڕیارى بنیاتنانى 152 به‌نداوى داوه‌ بۆ زیاتر كۆنترۆڵكردنى ئه‌و ئاوانه‌ى ده‌ڕژێنه‌ ناو خاكى عێراق-ه‌وه‌.

دواى ساڵى 2003 و ڕووخانى ڕژێمى عێراق و سه‌رقاڵبوونى عێراقییه‌كان به‌ كێشه‌ و ململانێ ناوخۆییه‌كان و شه‌ڕى تائیفى و تیرۆر، هه‌روه‌ها له‌ سوریا-یش له‌ ساڵى 2011 وه‌ سه‌رهه‌ڵدانى  ڕووداوه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بى و قه‌یرانه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ و شه‌ڕى ناوخۆیى, توركیا به‌ ته‌نها ده‌ستى گرتووه‌ به‌سه‌ر هه‌موو سه‌رچاوه‌كانى ئاودا و به‌ سیاسه‌تێكى زۆردارانه‌ و ناڕه‌وا و دوور له‌ هه‌موو یاسا و ڕێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كۆنترۆڵى كردووه‌، ئه‌ویش به‌ دامه‌زراندن و بنیاتنانى زۆر پڕۆژه‌ى زه‌به‌لاح و قه‌به‌ كه‌ زیاتر له‌ 1700 به‌نداو و ده‌ریاچه‌ى ده‌ستكرد له‌خۆده‌گرێت،  هه‌ر له‌ به‌نداوه‌كانى ئه‌تاتورك و ئه‌لیسۆ و سیرز-ه‌وه‌ تا به‌رنامه‌ىGAP .

ئه‌گه‌رچى له‌ ڕابردوودا په‌یماننامه‌یه‌كى جێگیر له‌ نێوان عێراق و توركیادا هه‌بوو كه‌ توركیا 500 مه‌تر سێجا ئاو له‌ چركه‌یه‌كدا بۆ عێراق دابین بكات، دواتر له‌ ساڵى 1990دا عێراق و سوریا گه‌یشتنه‌ ڕێككه‌وتنێك بۆ دابه‌شكردنى ئاو له‌ نێوانیاندا به‌ شێوه‌یه‌كى دادپه‌روه‌رانه‌ كه‌ 58% بۆ عێراق و 42% بۆ سوریا بێت، ئیتر له‌وكاته‌وه‌، سه‌ره‌ڕاى گۆڕانكارییه‌كان له‌ناوچه‌كه‌دا، هیچ ڕێككه‌وتنێكى نوێ له‌ نێوان ئه‌م سێ وڵاته‌دا واژۆ نه‌كراوه‌ بۆ دابه‌شكردنى ئاو.

له‌ ساڵانى ڕابردوودا زۆرجار گوێبیستى لێداوانه‌كانى كاربه‌ده‌ستانى ده‌وڵه‌تى توركیا بووین كه‌ ده‌یانوت ئه‌وان چۆن نه‌وته‌كه‌یان ده‌فرۆشن ئێمه‌یش ئاویان پێده‌فرۆشین، ئه‌مه‌ش مانا و مه‌دلولى خۆى هه‌یه‌. جگه‌ له‌وه‌یش به‌رنامه‌ى GAPى مه‌زن، ئامانجى سیاسى له‌ پشته‌وه‌یه‌ و په‌یوه‌ندیى به‌ كێشه‌ى كورده‌وه‌ له‌ توركیا هه‌یه‌ بۆ دامركاندنه‌وه‌ى ململانێكانى ناوچه‌ى باشورى ڕۆژهه‌ڵاتى ئه‌نادۆڵ و هه‌روه‌ها بۆ ئاسایشى ئاو و خۆراكى عێراق و سوریا. 

هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه‌ى توركیا هه‌ڕه‌شه‌ى گه‌وره‌ن بۆ سه‌ر ئاینده‌ى عێراق، هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك وه‌كو ڕاگه‌یاندنى شه‌ڕ وایه‌ چونكه‌ توركیا كه‌ڵكى له‌ لاوازیى ده‌وڵه‌تى عێراق وه‌رگرتووه‌ و له‌ئێستادا له‌ چه‌ند شوێنێكى جیاوه‌ سه‌روه‌ریى عێراقى پێشێلكردووه‌ و به‌ شێوه‌ى سه‌ربازیى چووه‌ته‌ ناو خاكى عێراقه‌وه‌. 






  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure