گەشتوگوزاری هەڵەبجە: 60 هەزار هاووڵاتی هاتونەتە ناوچە گەشتیارییەکانی هەڵەبجە

هەواڵ / کوردستان :: 25/03/2018‌ :: 216‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گه‌شتوگوزارى هه‌ڵه‌بجه‌ رایدەگەیەنێت، له‌ماوه‌ى چوار ڕۆژى جه‌ژنى نه‌ورۆزى ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ 60 هه‌زار گه‌شتیار روویان له‌ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانى سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ كردووه‌، هاوكات پۆلیسى هه‌ڵه‌بجه‌ش ئاماژە بەوە دەکات، 15 رووداوى جۆراوجۆر تۆماركراون و سێ تۆمه‌تباریش ده‌ستگیركراون.


سه‌ردار عه‌لى، به‌رپرسى به‌شى گه‌شتوگوزار له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گه‌شتوگوزارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "له‌ ماوه‌ی چوار ڕۆژی ڕابردووی جه‌ژنی نه‌ورۆزدا زیاتر له‌ 60 هه‌زار گه‌شتیار ڕوویان له‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ كردووه‌ كه‌ زۆربه‌یان گه‌شتیاری ناوخۆیی بوون، له‌ كاتێكدا له‌ ساڵی ڕابردوودا زیاتر له‌ 65 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی سنووره‌كه‌یان كردبوو و زۆبه‌یان گه‌شتیارى پارێزگاكانى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق بوون".

وتیشی "له‌ ماسته‌رپلانی گه‌شتیاری هه‌رێمدا 35 ناوچه‌ی گه‌شتیاری لە سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ دیاریكراون كه‌ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزارییان بۆ ئه‌نجامبدرێت، هاوكات به‌هۆی خراپبوونی بارودۆخی سیاسیی نێوان هه‌رێم و  به‌غدا، ئه‌مساڵ هاتنی گه‌شتیارانی پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق بۆ سنوره‌كه‌ كه‌می كردبوو".

لاى خۆیه‌وه‌ ڕائید به‌رزان عوسمان، وته‌بێژى پۆلیسى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ لە لێدوانێکدا بۆ دواڕۆژ وتی "له‌ماوه‌ى ڕۆژانى جه‌ژنى نه‌ورۆزدا 15 رووداوى جۆراوجۆر تۆماركراون و هه‌روه‌ها له‌ بنكه‌كانى پۆلیسیش چەند سكاڵایەک تۆمارکراون و به‌و هۆیەشه‌وه‌ سێ تۆمه‌تبار ده‌ستگیركراون".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە