دواڕۆژ ناوی ئەندامانی كۆمسیۆنی ئامادەكاری كۆنگرەی یەكێتی بڵاودەكاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 25/03/2018‌ :: 501‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
كۆمسیۆنی ئامادەكاری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لە سێ ئەندامەوە بۆ هەشت ئەندام زیادكرا كە یەكێكیان ئەندامی ئەنجومەنی ناوەند دەبێت.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند، ساڵی 2013 بۆ ئامادەكاری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، كۆمسیۆنێكیان هەبووە بە سەرۆكایەتی حاكم قادر و ئەندامێتی رەفعەت عەبدوڵا و دلێری سەید مەجید، ئەو كۆمسیۆنە بەشێكی زۆری كارەكانیان تەواوكردووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، لە دوا كۆبوونەوەی سەركردایەتی و بەپێی ئەو سازانەی پێش كۆبوونەوەكە كرابوو ژمارەی ئەندامانی ئەو كۆمسیۆنە بۆ حەوت ئەندام زیاد كرا و رەنگە ئەندامێكی ئەنجومەنی ناوەندیشی بۆ زیاد بكرێت و بەمەش دەبێتە هەشت ئەندام، ئەو كۆمسیۆنە لە كارەكانی تا دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەردەوام دەبێت.

بەوتەی فەرید ئەسەسەرد، لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی باسلەوەكراوە جارێكی دیكە لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی كاتی كۆنگرە دیاری ناكەن، بەڵكو وادەی بەستنی كۆنگرەی چوارەم بەم كۆمسیۆنە راسپێردراوە.

سەركردەكەی یەكێتی وتی "كۆمسیۆنەكە پاشئەوەی ئەركەكانی خۆی تەواو دەكات، یان ئەگەر ئەركی دیكە مابێت یان دوای ئەو چەند ساڵە شتی تازە هاتبێتە ئاراوە جێبەجێیان دەكات، كاتی كۆنگرە دیاری دەكرێت و ئەو وادەیە وەكو پێشنیار دەدرێتە كۆبوونەوەی سەركردایەتی و لەوێ بڕیاری لێدەدرێت".

سەبارەت بە ناوی ئەندامانی نوێی كۆمسیۆنەكە، فەرید ئەسەسەرد روونیكردەوە "ئەندامە نوێیەكان سامان گەرمیانی، مستەفا چاوڕەش، شۆڕش ئیسماعیل، بەندە"یە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە