ئه‌نجومه‌نى باڵاى نه‌وت و گاز بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ى رێژه‌ى پاشه‌كه‌وت كۆده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 25/03/2018‌ :: 3371‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ، ئه‌نجومه‌نى باڵاى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تى سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌سه‌ر داهاتى هه‌رێم و پاشكه‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران كۆببێته‌وه‌.


هه‌رچه‌نده‌ بڕیاربوو ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 25ى ئازارى 2018، كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم له‌سه‌ر رێژه‌ى پاشكه‌وت و كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا كۆببێته‌وه‌، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ گۆڕاو بڕیادرا ئه‌نجومه‌نى باڵاى نه‌وت و گاز ئه‌نجامبدرێت.

له‌وباریه‌وه‌ مه‌حمود حاجى ساڵح، وه‌زیرى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ناكرێت، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى باڵاى نه‌وت و گاز به‌سه‌رۆكایه‌تى سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و وه‌زیره‌ په‌یوه‌نداره‌كان كۆده‌بێته‌وه‌و باس له‌ بارودۆخى دارایى هه‌رێم ده‌كرێت".

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، به‌هۆى به‌رفراوانبوونى خۆپیشاندان و ناڕازه‌یه‌تیه‌كان كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى باڵاوى نه‌وت غاز چه‌ند كاتژمێرێك پێشخرا بڕیاریشه‌ باس له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى رێژه‌ى پاشه‌كه‌وت وه‌كو پلانى حكومه‌ت و شێوازى فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێم و داهاتى ناوخۆ ده‌كرێت.

ئه‌نجومه‌نى باڵاى نه‌وت و گازى هه‌رێم له‌سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و وه‌زیرانى پلاندانان و دارایى و سامانه‌ سروشتییه‌كان پێكدێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure