"ئەمریکا بنکەی ئەنچەرلیک لەتورکیا چۆڵدەکات"

هەواڵ / جیهان :: 24/03/2018‌ :: 311‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
سایتی (دەبکا فایل)ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، پلانەکان خێرا دەکرێن بۆ گواستنەوەی بنکەی ئەنچەرلیکی ئەمریکا لە باشوری تورکیاوە بۆ یۆنان کە گەورەترین بنکەی ئاسمانیە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرچاوە سەربازییەکان بە سایتەکەیان راگەیاندوە سەرباری نکوڵی لێکردنی ئیدارەی ئەمریکا، بەڵام پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت و سەربازانی ئەمریکا بنکەی ئاسمانی ئەنچەرلیک لە باشوری تورکیا، کە گەورەترین بنکەی ئاسمانیە لە ناوچەکەدا جێدێڵن.

هەردوو گواستنەوەکە پەیوەستن بەیەکەوە چونکە ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا پشتیوانێکی سەرسەختی ئەمیری قەتەرە کە نەیارێکی دەسەڵاتدارانی سعودیەیە. تورکیا بەم دواییانە بنکەیەکی سەربازی گەورەی لەو ئیماراتە دامەزراندوە.

شازادەی جێنشینی سعودیە و حکومەتی ئیمارات  دۆست و هاوپەیمانی سەرۆکی ئەمریکان لە ناوچەی کەنداو و سەرۆکی تورکیاو قەتەر بە دوژمنی خۆیان دەزانن.

سەرچاوەکان ئاشکراشیان کردوە پێشتریش ئەو فڕۆکە و کەلوپەلانەی لە بنکەی ئەنچەرلیک بوون بەشێکی زۆریان گوازراونەتەوە بۆ خۆرهەڵاتی ئەوروپا و پەنتاگۆن (ئاندراڤیدا) لە باشوری یۆنان بە جێگرەوەی ئەنچەرلیک دەبینێت.

بەشێک لە کەلوپەلە سەربازیەکان لە بنکەی سەربازی (عودەیدە) لە قەتەرەوە گوازراونەتەوە بۆ بنکەی ئاسمانی شازادە سوڵتان لە ناوەڕاستی عەرەبستانی سعودیە.

ئاماژەی بۆ ئەوە شکردوە گواستنەوەی ئەو دوو بنکە ئاسمانییە بەندە بە هۆکارە ستراتیژیەکانی ناوچەکەوە و سەربازانی ئەمریکا لە پێگەیەکدا دەبن کە باشتر پارێزگاری لە شانشینی سعودیە بکات و پەیامێکیشە بۆ ئێران کە ئیدارەی ترەمپ پشتیوانی لە رژێمی پادشایەتی سعودیە دەکات.

وەرگیرانی: کامەران ئەحمەد  



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە