بڕیارێكی نوێ لەبارەی ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دەدرێت

هەواڵ / کوردستانی :: 24/03/2018‌ :: 2669‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن
بەهۆی نەدانی مووچەی تەواو بەپزیشك و كارمەندان، نزیكەی هەفتەیەكە نەخۆشخانەی گەورەى پێنجوێن و تەواوی مەڵبەند و بنكە تەندروستییەكانی سنوورەكە بەرووی هاووڵاتیان و نەخۆشەكانی ناوچەكەدا داخراون، بەڵام لەبەر دروستنەبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان لەسبەینێ یەكشەممەوە، ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دەتوانن بۆ وەرگرتنی دەرمان، سەردانی كلینكی ئێواران بكەن.


لوقمان لەتیف، لێپرسراوی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی شەهیدانی پێنجوێن، بەدواڕۆژی راگەیاند "ئەگەرچی لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، چەندین جاری دیكە و بەهۆكاری جیاواز، پزیشك و كارمەندانی سنوورەكەمان مانگرتن و بایكۆتیان كردووە، بەڵام هیچ جارێكیان وەك ئەوەی ئێستا بەشە هەستیارەكانی وەك (فریاكەوتن، نەشتەرگەری، منداڵ، لەدایكبوون) دانەخراون".

وتیشی "ماوەی نزیكەی هەفتەیەكە بەهۆی نەدانی مووچەی تەواو بەكارمەندان و پزیشكانی سنوورەكەمان كە بەشێك لەكارمەندان و پزیشكان رۆژانە لەدەرەوەی پێنجوێن هاتوچۆ دەكەن و شوێنی نیشتەجێبوونیان لەدەرەوەی پێنجوێنەوە، بۆیە ئەوان گرفتی گەورەی داراییان بۆ دروستبووە".

روونیشیكردەوە، "لەپێناو دروستنەبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان، ئێوارەی ئەمڕۆ بڕیاردرا ئەوانەی كە نەخۆشی درێژخایەنی وەك (زەخت، شەكرە، ڕەبۆ، غودە، پەركەم)یان هەیەو دەفتەریان بۆ كراوە لەسنووری قەزای پێنجوێن، لەسبەینێوە كە رۆژی یەكشەممەیە تا پێنجشەممەی داهاتوو، دەتوانن سەردانی كلینیكی ئێواران بكەن لەناو نەخۆشخانەی پێنجوێن بۆ وەرگرتنی دەرمانی پێویست لەكاتژمێر ٣:٠٠ بۆ ٥:٠٠ی ئێوارە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure