له‌هه‌ڵه‌بجه‌ 7 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.. به‌رپرسانى ته‌ندروستى له‌باره‌ى ناڕه‌زایه‌تیه‌كان هۆشداری ده‌ده‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 24/03/2018‌ :: 607‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، كه‌رتى ته‌ندروستى كه‌وتووه‌ته‌ حاڵه‌تێكى مه‌ترسیداره‌وە و پزیشكان و كارمه‌ندانى ته‌ندروستى به‌رده‌وامن له‌ مانگرتن و بایكۆتكردنى ده‌وام، ده‌شڵێت، له‌وه‌ته‌ى باكۆتكراوه‌ حه‌وت هاووڵاتى گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و كه‌ پێویستییان به‌چاره‌سه‌ر هه‌بووه‌.


سنور حامید، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 24ى ئازارى 2018 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، بۆ رۆژى پێنجه‌م پزیشكان و كارمه‌ندانى ته‌ندروستى نه‌خۆشخانه‌ و مه‌ڵبه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌كانى سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رده‌وامن له‌ مانگرتن و بایكۆتكردنى ده‌وام و ئاماده‌نین بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ركاره‌كانیان، ته‌نها ژماره‌یه‌كى كه‌م له‌ كارمه‌ندانى ته‌ندروستى خۆبه‌خش له‌ نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى هه‌ڵه‌بجه‌ ماونه‌ته‌وه‌.

وتیشى، كه‌رتى ته‌ندروستى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانى و شاره‌كانى ترى هه‌رێم له‌ دۆخێكى مه‌ترسیداردایه‌. ئه‌وه‌شى وت، "له‌وه‌ته‌ى باكۆت و مانگرتنى پزیشكان و كارمه‌ندانى ته‌ندروستى ده‌ستیپێكردووه‌ حه‌وت هاووڵاتی له‌ سنوره‌كه‌دا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌وامى ئاسایى هه‌بوایه‌ و پزیشكان مانیان نه‌گرتایه‌ ده‌توانرا خزمه‌تگوزارى زیاتریان پێشكه‌ش بكردایه‌، بۆیه‌ هه‌ر حاڵه‌تێكى نه‌خوازراو كه‌ رووده‌دات له‌ كه‌رتى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه‌ دیخه‌ینه‌ ئه‌ستۆى حكومه‌تى هه‌رێم".

یه‌كشه‌ممه‌ى رابردوو پاش دووباره‌ راگه‌یاندنى دابه‌شكردنى مووچه‌ به‌ شێوه‌ى پاشه‌كه‌وت، به‌شێك له‌ پزیشك و كارمه‌ندانى ته‌ندروستى شاره‌كانى هه‌رێم بایكۆتى ده‌وامیان راگه‌یاند.

به‌رپرسه‌كه‌ى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "وه‌ك پزیشك و كارمه‌ندانى ته‌ندروستى سبه‌ی دوا مۆڵه‌تمانه‌ بۆ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و حكومه‌تى هه‌رێم، ئه‌گه‌ر پێداچوونه‌وه‌ نه‌كه‌ن به‌ پاشەكه‌وتى موچه‌دا و نه‌یه‌ن به‌ده‌م داواكارى پزیشكان و كارمه‌ندانى ته‌ندروستییه‌وه‌، ئه‌وا له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌ت وه‌ك كارێكى مرۆڤدۆستانه‌ له‌ ژێر خێمه‌یه‌كدا مه‌ڵبه‌ندێكى 24 كاتژمێرى خۆبه‌خشانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ و خزمه‌تى نه‌خۆشانى سنوره‌كه‌ ده‌كه‌ین و ناگه‌ڕێینه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ و مه‌ڵبه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌كان".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە