هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان داواى یه‌كڕیزى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 24/03/2018‌ :: 110‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
وه‌ك ده‌ربڕینى نیگه‌رانى له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر خاكى هه‌رێمى كوردستان و شه‌هید كردنى ژماره‌یه‌ك هاوڵاتى و هاوكات به‌رده‌وامى هێرشكان و بۆ سه‌رعه‌فرین و ئاواره‌بوونى به‌هه‌زاران هاوڵاتى كورد له‌ ڕۆژئاواى كوردستان، ژماره‌یه‌ك له‌ چین و توێژه‌ جیاوازه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ گردبوونه‌وه‌ و داواى یه‌كڕیزى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیان كرد.

عه‌بدوڵا عه‌لى، یه‌كێك له‌ به‌شدار بووانى گردبوونه‌وه‌كه‌ى پشتگیرى له‌ عه‌فرین به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند، ئێمه‌ى خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ هه‌موو كه‌س زیاتر هه‌ست به‌ ئێش و ئازاره‌كانى خه‌ڵكى عه‌فرین ده‌كه‌ین، چونكه‌ ئێمه‌ش له‌ ڕابردوودا هه‌مان سیاسه‌تمان به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدراوه‌ و كۆمه‌ڵكوژكراوین و ئاواره‌ى وڵاتان كراوین، بۆیه‌ جێگه‌ى شه‌رمه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌ به‌رچاوى جیهانه‌وه‌ گه‌لى كورد له‌ عه‌فرین خاكه‌كه‌ى داگیر ده‌كرێت، به‌ڵام وڵاتانى زلهێز هه‌ڵوێستیان نییه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئامانجى سه‌ره‌كیمان له‌ ئه‌نجامدانى ئه‌م گردبوونه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داوا له‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بكه‌ین كه‌ چیتر واز له‌ په‌رته‌وازه‌یى ناوماڵى كوردى بهێنن و به‌ده‌م داواكارى هاووڵاتیانه‌وه‌ بێن و هه‌مویان له‌پێناو ئامانجه‌ ڕه‌واكانى گه‌له‌كه‌مان یه‌كگرتوو بن و ڕووبه‌ڕووى پیلانه‌ گڵاوه‌كانى داگیركه‌ران ببنه‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت كورد له‌وه‌ زیاتر په‌رته‌وازه‌ بێت.

ئه‌و به‌شدار بووه‌ى گردبوونه‌وه‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى وت "داواكارین كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى عێراقى هه‌ڵوێستى جددییان هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ى كه‌ توركیا كردیه‌ سه‌ر خاكى هه‌رێمى كوردستان و چوار هاووڵاتى بێتاوان شه‌هید بوون، هه‌روه‌ها ڕێگه‌ نه‌ده‌ن جارێكى دیكه‌ هێرشى له‌و شێوه‌یه‌ بكرێته‌وه‌ سه‌ر خه‌ڵكى بێتاوان و گوندنشینان ئاواره‌ى شاره‌كان بكرێن".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure