تەنیا یەك نەخۆشخانەی سلێمانی كاردەكات

هەواڵ / کوردستان :: 24/03/2018‌ :: 21987‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، هۆگر کەمال
ئەمڕۆ 24ی ئازاری 2018 کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەکانی سلێمانی بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەکانیان بەبێ سیستمی پاشەکەوت، لە بایکۆت بەردەوام بوون، لەئێستاشدا تەنیا نەخۆشخانەی شۆڕش دەوامی تیادادەکرێت.

پەیامنێرمان لەنەخۆشخانەکانی سلێمانییەوە رایگەیاند، گشت نەخۆشخانەکان دەوامیان تیادا ناکرێت، تەنیا بۆ حاڵەتی زۆر پێویست کاردەکەن، جگە لە نەخۆشخانەی شۆڕش کە سەر بە دەزگای تەندروستی پێشمەرگەیە، بایکۆتیان نەکردوە و دەوام دەکەن.

وتیشی "لەئێستادا بەشێک لە کارمەندانی تەندروستی لەبەردەم نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی گردبونەتەوە".

ئاماژەی بەوەشدا، نەخۆشخانەی هیوا کە تایبەتە بە چارەسەری توشبوانی شێرپەنجە، لەئێستادا کار ناکەن و ئەم بەیانییە سەرجەم نەخۆشەکانیان ئیزن داوە بۆ ماڵەوە و هەر نەخۆشێکیش چارەسەری کیمیایی پێویست بێت بۆی ناکەن.

مووچەخۆرانی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە چاوەڕێیان دەکرد مووچە بەبێ سیستمی پاشەکەوت وەربگرن، بەڵام شەوی 18ی ئازاری 2018 حکومەتی هەرێم خشتەیەکی مووچەی راگەیاند کە بەغدا پارەکەی ناردبوو و ئەو دوو وەزارەتەش بە سیستمی پاشەکەوت مووچەیان بۆ خەرجکرا، ئەمەش ناڕەزایی لای مووچەخۆرانی تەندروستی و پەروەردە لێکەوتەوە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure