كارمه‌ندانى ته‌ندروستى دواین هۆشداری ده‌ده‌نه‌ حكومه‌ت

هەواڵ / کوردستان :: 23/03/2018‌ :: 2065‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى
سه‌ندیكای كارمه‌ندانی ته‌ندروستی رایده‌گه‌یه‌نێت، گه‌ر تا رۆژی 1ی نیسان حكومه‌تی هەرێم وه‌ڵامێكی ئه‌رێنیان له‌باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچه‌ پێنه‌دات سه‌رجه‌م نه‌خۆشخانه‌كان له‌كارده‌خه‌ن.

جه‌بار قادر، سه‌رۆكی سه‌ندیكای كارمه‌ندانی ته‌ندروستی كوردستان ئەمڕۆ هەینی 23ی ئازار به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند،  حكومه‌تی عێراقی مووچه‌ی ته‌واوی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ی ناردووه‌ به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستكاری پاره‌كه‌ی كردووه‌و نیو مووچه‌ی داوه‌ به‌ مووچه‌خۆرانی هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كه‌.

وتیشی "وه‌كو كارمه‌ندانی ته‌ندروستی له‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 25ی ئازاری2018، له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م رێكخراوه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ كه‌رتی ته‌ندروستی كۆده‌بینه‌وه‌و دواین بڕیار ئاراسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر تاوه‌كو 1ی نیسانی2018 كێشه‌ی مووچه‌و لابردنی پاشه‌كه‌وت چاره‌سه‌ر نه‌كات ئه‌و كاته‌ جگه‌ له‌و نه‌خۆشخانانەی كه‌ ئێستا به‌شێكیان كاره‌كانیان راگیراوه‌ نه‌خۆشخانه‌كانی فریاكه‌وتنیش له‌كار ده‌خه‌ین". 

ئاماژەی بەوەشدا، بۆ به‌ده‌ستهێنانی داواكارییه‌كانیان هه‌رچی رێگە هه‌یه‌ ده‌یگرنه‌به‌ر، له‌ سنوری سلێمانی و گه‌رمیانیش شاندێكی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی سه‌ردانی به‌غدا یان كردووه‌و له‌سه‌ر هه‌مان كێشه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ندیكای كارمه‌ندانی ته‌ندروستی عێراقی كۆبوونه‌ته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure