پاشماوەی گەشتیاران ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێم دەشێوێنێت

هەواڵ / کوردستانی :: 26/03/2018‌ :: 425‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
جێهێشتنی پاشماوەی كەل و پەلەكان، ناوچە گەشتیاریەكانی هەرێمی کوردستانی شێواندوە و وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاریش دەڵێت "پێمان شەرمە گەشتیار ببیەن بۆ بەشێک لە ناوچە گەشتیارییەکان".

نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە دواڕۆژی راگەیاند "بەشێك لەو كەسانەی لە ناوخۆی كوردستان لە نەورۆز دەردەچن بۆ ناوچە گەشتیاریەكان پاشماوەی كەل و پەلەكانیان جێدەهێڵن و ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوون و شێواندنی ناوچە گەشتیاریەكان".

وتیشی "لەكاتی هاتنی گەشتیار بۆ هەرێم پێمان شەرمە گەشتیار ببەینە هەندێك ناوچەی گەشتیاری بەهۆی پیسكردنیان لە لایەن ئەو كەسانەی لەناوخۆی كوردستان بۆ نەورۆز دەچنە ناوچە گەشتیاریەكان".

 

رۆستی ئاماژەی بەوەشکرد، لە رۆژانی پشووی نەورۆزدا نزیکەی یەک ملیۆن خەڵک چوونەتە ناوچە گەشتیارییەکان و ئەگەر هەر کەسێک تەنیا دەبەیەکی ئاوی لەشوێنەکەی جێهێشتبێت، ئەوا دەکاتە یەک ملیۆن پاشماوەو بۆ ماوەیەکی دورودرێژ لەو شوێنانە دەمێنێتەوە.

هاوکات لوقمان شێروانی، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم لە لێدوانێکیدا بە دواڕۆژی وت"بەداخەوە تاوەكو ئێستا بەشێك لە هاوڵاتیان كە دەچنەوە دەرەوە پاشماوەی كەل و پەلەكانیان لە هەمان شوێن جێدەهڵن".

دەشڵێت "بەشێك لەو كەل و پەلانە بۆ ماوەی چەندین ساڵ دەمێنەوە و ناتوێنەوە و ئەم دیاردەیەش تا ئێستا بەردەوامە".

 

ئەمەش لە کاتێکدایە رێكخراوی وار لە رۆژی یەكەمی نەورۆز  لە چەند سەیرانگایەك لە بەیانی تاوەكو ئێوارە دوو هەزار نامیلەكە و كیسی نایلۆنیان تایبەت بە پاشماوەكانیان بەسەر گەشتیاران دابەشكردوە.

 

 

 

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە