توركیا سزایەک بەسەر سلێمانیدا دەسەپێنێت

هەواڵ / کوردستان :: 23/03/2018‌ :: 6350‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى 
سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی گەشتی ئاسمانی بۆ پارێزگای هەولێر دەستپێدەکەنەوە، بەڵای گەشتەکان بەرەو سلێمانی ناکەنەوە.

بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا له‌وتارێكدا رایگەیاند "ئه‌مڕۆ هه‌ینی 23ی ئازارى 2018، رێگه‌ی ئاسمانیمان به‌ره‌و پارێزگاى هه‌ولێر ده‌ستپێده‌كه‌ینه‌وه‌".

سەرۆک وەزیرانی تورکیا باسی له‌وه‌كرد كه‌ ته‌نها گه‌شتی ئاسمانی به‌ره‌و هه‌ولێر ده‌كه‌نه‌وه‌و گه‌شته‌كان بۆ سلێمانی ده‌ستپێناكه‌نه‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی دۆخی ئه‌منی سلێمانی جێگیر نییه‌، چونكه‌ سلێمانی چالاكی و پشتیوانی تیرۆر ده‌كات دژ به‌ توركیا.

هاوكات وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ 1ى نیسانى داهاتوو یه‌كه‌مین گه‌شتى فرۆكه‌وانى له‌ وڵاتى ئورده‌نه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، ده‌ڵێت "ئه‌مڕۆش سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا گه‌مارۆى سه‌ر فرۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێرى له‌لایه‌ن وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ لابردووه‌". 

ئومێد سالح، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ دواڕۆژ وتی "راسته‌ حكومه‌تى عێراقى له‌ چه‌ند رۆژى رابردوو بڕیارى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانى هه‌ردوو فرۆكه‌خانه‌كانى هه‌ولێرو سلێمانى ده‌ركردووه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا جگه‌ له‌ هاتنى دوو فرۆكه‌ له‌ وڵاتانى ئیمارات و ئورده‌ن هیچ گه‌شتێكى فه‌رمى ئه‌نجامنه‌دراوه‌".

ناوبراو روونیشیكرده‌وه‌، حكومه‌تى عێراقى به‌ نوسراوى ره‌سمى داواى له‌ وڵاتانى توركیا، ئێران و چه‌ند وڵاتێكى تر كردووه‌، له‌ ماوه‌یه‌كى نزیكدا گه‌شته‌ فرۆكه‌وانییه‌كانیان به‌ره‌و هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامبده‌ن.  

له‌لایه‌كى تره‌وه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینى سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا به‌ فه‌رمى رایگه‌یاند، گه‌مارۆى سه‌ر فرۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێریان هه‌ڵگرتووه‌و له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ئاسمانى هه‌رێمى كوردستان و وڵاتى توركیا بۆ فڕینى فرۆكه‌ كراوه‌ ده‌بێت. 

له‌باره‌ى لابردنى گه‌مارۆى سه‌ر فرۆكه‌خانه‌ى سلێمانیشه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا ئه‌وه‌شى وت "تائێستا بڕیارنه‌دراوه‌ گه‌شته‌ فڕۆكه‌وانییه‌كانى سلێمانى و توركیا ده‌ستپێبكاته‌وه‌".

رۆژى 28ى ئه‌یلولى2017، به‌هۆى ئه‌نجامدانى ریفراندۆمه‌وه‌ حكومه‌تى عێراقى بڕیاریدا گه‌شته‌ فرۆكه‌وانییه‌كانى هه‌ردوو فرۆكه‌خانه‌ىه ه‌ولێرو سلێمانىبه‌ رووى جیهاندا داخست و له‌ رۆژى 15ى ئازارى2018ش حكومه‌تى عێراقى بڕیاریدا گه‌مارۆى سه‌ر هه‌ردوو فرۆكه‌خانه‌كه‌ هه‌ڵبگیرێت و گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure