80 كۆمپانیا گه‌شتیار ده‌هێننه‌ ده‌ڤه‌ری سۆران

هەواڵ / ئابوری :: 23/03/2018‌ :: 461‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 
به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران رایده‌گه‌یه‌نێت، گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ هه‌شتا كۆمپانیای گه‌شتیاری كردووه‌ به‌مه‌به‌ستی هێنانی گه‌شتیار بۆ هاوینه‌هه‌وار و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی هه‌ر چوار قه‌زاكه‌ی ده‌ڤه‌ری سۆران. 


بارزان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گه‌شتوگوزاری سۆران له‌ لێدوانێكدا به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "وه‌ك گه‌شتوگوزاری سۆران دوای به‌شداریكردنمان له‌ كۆڕبه‌ندی گه‌شتیاری شاری به‌غدا، گرێبه‌ستێكمان له‌گه‌ڵ هه‌شتا كۆمپانیای گه‌شتیاریی ناوخۆیی و بیانی ئه‌نجامداوه‌ به‌ مه‌به‌ستی هێنانی گه‌شتیار بۆ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی هه‌ر چوار قه‌زاكه‌ی ده‌ڤه‌ری سۆران". 

راشیگه‌یاند "ئه‌و كۆمپانیایانه‌ گه‌شتیار به‌ شێوه‌ی تاك و گروپ ده‌هێننه‌ سۆران و له‌ به‌رامبه‌ریشدا ئێمه‌ هه‌موو كارئاسانیه‌كیان بۆ ده‌كه‌ین و له‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت و گشتیش كه‌شێكی خۆش و ئارام بۆ گه‌شتیاران ده‌ڕه‌خسێنین". 

به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و گرێبه‌سته‌ كاریگه‌ری زۆری ده‌بێت له‌ سه‌ر بوژاندنه‌وه‌ كه‌رتی گه‌شتیاری له‌ ده‌ڤه‌ری سۆران. 

وتیشی "له‌و دوو ڕۆژه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزیش ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ڕۆڵی زۆریان هه‌بووه‌ له‌ هێنانی گه‌شتیار بۆ ناوچه‌كه‌". 

باسی له‌وه‌شكرد كه‌ ساڵی ڕابردووش وه‌ها گرێبه‌ستێكمان ئه‌نجامداو تیایدا سه‌ركه‌وتوو بووین، چونكه‌ جاری وا هه‌بوو ڕۆژانی پشوو نزیكه‌ی سێ هه‌زار گه‌شتیار ته‌نها له‌ ڕێگه‌ی كۆمپانیاكانه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی تاك و گروپ ده‌هاتنه‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران، بۆیه‌ ئه‌مساڵیش پێشبینی ده‌كه‌ین له‌ ساڵی رابردوو زیاتریش گه‌شتیار ڕووبكه‌نه‌ ئه‌و سنوره‌. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە