وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئه‌نجومه‌نی سه‌ربه‌خۆی پزیشكان داده‌مه‌زرێنێت

هەواڵ / کوردستان :: 23/03/2018‌ :: 587‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى 
وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاشكرایده‌كات، پڕۆژه‌یه‌كیان ئاڕاسته‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نى شورا كردووه‌ بۆ دامه‌زراندنى ئه‌نجومه‌نى سه‌ربه‌خۆى پزیشكان تا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ مافى نه‌خۆش و كارمه‌ندانى ته‌ندروستى به‌رجه‌سته‌ بكرێت.

 
له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكى پرۆژه‌كه‌، خالس قادر، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوان و وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "پڕۆژه‌یه‌كیان به‌ناوی ئه‌نجومه‌نی سه‌ربه‌خۆی پزیشكان ئاماده‌ كردووه‌ كه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی به‌ دواداچوونه‌ بۆ پیشه‌ی‌ پزیشكی‌ و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و  هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌یان، له‌هه‌مان كاتیشدا هۆكارێكه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ مافی‌ نه‌خۆش و گوێگرتن و وه‌رگرتنی سكاڵاكانیان كه‌ له‌ به‌رانبه‌ر نه‌بوون و كه‌موكورتی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی نه‌خۆشخانه‌و پزیشكه‌كان پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یان كردووه‌".

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى وتیشى "وه‌ك پێویست نه‌توانراوه‌ گوێ له‌ سكاڵای نه‌خۆش بگیردرێت، به‌ تایبه‌تى كاتێ هاوڵاتى نیگه‌رانى له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانى ته‌ندورستیی نه‌خۆشخانه‌كان ده‌بێت، له‌ هه‌مانكاتیشدا بۆ پزیشك و كارمه‌نده‌كانیش پرۆژه‌یه‌كى پشت به‌ستوو نه‌بووه‌ كه‌ ببێته‌ بنه‌مایه‌كی گرنگ بۆ كاركردنیان و پشتگیرى له‌ پزیشكان و كارمه‌ندانى ته‌ندروستى".

خاڵس قادر، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كاره‌كانى پڕۆژه‌كه‌ ته‌واوكراوه‌و بۆ په‌سندكردن و ڕه‌زامه‌ندی، ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانى هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی  شوراى گشتى كراوه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure