سلێمانی: سه‌ره‌ڕاى مانگرتن ژماره‌یه‌ك پزیشک پێشوازی لە نەخۆش دەکەن

هەواڵ / کوردستان :: 21/03/2018‌ :: 728‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
لەگەڵ بەردەوامی مانگرتنی کەرتی تەندروستی بەشێک لە پزیشکانی فریاکەوتنی خێرا دەڵێن "لەگەڵ داواکاری کارمەندانی کەرتی تەندروستین، بەڵام ناشبێت ھاوڵاتیان پشتگوێبخرێن".


دکتۆر ئومێد عەلی،  بەرێوبەری نەخۆشخانەی فریاكەوتنی خێرای سلێمانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 21ى ئازارى 2018 بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "ئێمە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن وەك کۆمەڵێک پزیشک و کارمەند بەردەوامین لە کارکردن بۆ ئەو نەخۆشانەی کە حاڵەتی کتوپڕن، چونکە ناتوانین مانبگرین لەو کەسانەی کە پێویستیان بەئێمەیە لە روداوی کتوپڕدا".

وتیشى "ئێمە پشتیوانی تەواو لە داواکاریەکانی مانگرتوانی تەندروستی دەکەین، بەڵام لەھەمانکاتدا پێویستە بیری ئەو خەڵکانەمان ھەبێت کە پێویستیان بەھاوکاری ئێمەیە".

دكتۆر ئومێد ئەوەشی رونکردەوە، پێشوازی لە ھەموو نەخۆشێکی کتوپڕ دەکەین و ھەرچیەک بتوانین بۆی دەکەین و دەست نانێین بەڕوی ھیچ کەسێکەوە.

له‌ رۆژى دووشه‌ممه‌وه‌ پزیشك و کارمەندانی کەرتی تەندروستی مانگرتنیان راگەیاندووە و داوادەکەن تەواوی موچەکانیان بەبێ پاشەکەوت پێبدرێت.  



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure