وه‌زاره‌تى دارایى بڕیارێك له‌باره‌ى داهاتى ئاو ده‌رده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 22/03/2018‌ :: 1263‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى هه‌رێمى كوردستان بڕیاریدا، 40%ى داهاتى ئاو بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى ئاوى پارێزگاكان خه‌رج بكرێته‌وه‌و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ئاو و ئاوه‌ڕۆكانى هه‌رێمیش ده‌ڵێت "بڕیاره‌كه‌ بۆ بارودۆخى ئێستا باشه‌، به‌ڵام بۆ پڕۆژه‌كانى تر خه‌رجیی زیاتریان پێویسته‌".


وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى هه‌رێمى كوردستان به‌ بڕیارى ژماره‌ (1628) له‌ كۆتایى مانگى شوباتى ئه‌مساڵ بڕیاریدا بۆ نه‌هێشتى گیروگرفته‌كانى ئاو له‌ هه‌رێمى كوردستان، 40%ى داهاتى ئاو بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى ئاو له‌ پارێزگاكان خه‌رجبكرێتەوە و  60%ی داهاته‌كه‌ى تریشی بخرێنه‌ خه‌زێنه‌ى حكومه‌ت و له‌ حیسابێكى داخراودا دابندرێت و مانگانه‌ش به‌ڕاپۆرتێك وه‌زاره‌تى دارایى له‌شێوازى خه‌رجكردنى ئه‌و داهاته‌ ئاگادار بكرێته‌وه‌.

له‌باره‌ى بڕیاره‌كه‌، مەسعود كاڕه‌ش به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ئاو و ئاوه‌ڕۆكان له‌ وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزارى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "بڕیاره‌كه‌ بۆ بارودۆخى ئه‌مڕۆ و خزمه‌تگوزارییه‌كانى ئاو له‌ كوردستان زۆرباشه‌، به‌ڵام بۆ پڕۆژه‌كانى ترى ئاو كه‌ پڕۆژه‌ى گه‌وره‌و ستراتیژین، پێویستمان به‌ پاره‌ى زیاتر ده‌بێت".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى، روونیكرده‌وه‌ به‌رده‌وام پڕۆژه‌كانى ئاو له‌ هه‌رێم پێویستیان به‌ پاره‌ هه‌یه‌ تا خزمه‌تگوزارییه‌كانى به‌رده‌وامبن، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت داهاتى زیاتر ته‌رخانبكرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure