هه‌ڵه‌بجه‌: پێشبینى هاتنى زیاتر له‌ 60 هه‌زار گه‌شتیار ده‌كرێت

هەواڵ / ئابوری :: 21/03/2018‌ :: 416‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
به‌هۆى بوونى زیاتر له‌ 35 جێگەى گه‌شتیارى و هه‌روه‌ها جێبه‌جێكردنى چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كى گه‌شتیارى له‌ سنوره‌كه‌دا، به‌ وته‌ى بەرپرسانى گه‌شتوگوزارى هه‌ڵه‌بجه‌ پێشبینى هاتنى زیاتر له‌ 60 هه‌زار گه‌شتیار ده‌كه‌ن و له‌مڕۆشه‌وه‌ ئاماده‌كارییه‌كانیان بۆ پێشوازیكردن له‌ گه‌شتیاران ده‌ستیانپێكردووه‌.

سه‌ردار عه‌لى، به‌رپرسى به‌شى گه‌شتوگوزار له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گه‌شتوگوزارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند، وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ پێشوازیكردن له‌ هاتنى گه‌شتیارانى ناوخۆیى و بیانى و پارێزگاكانى ناوه‌ڕاست و باشورى عێراق، له‌پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆوه‌ له‌ بازگه‌كان و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستمان به‌ دابه‌شكردنى ڕێنمایى به‌سه‌ر گه‌شتیاراندا كردووه‌.

وتيشى، له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ زیاتر له‌ 35 ناوچه‌ى گه‌شتیارى خراونه‌ته‌ ناو ماسته‌رپلانى گه‌شتیارى هه‌رێمه‌وه‌ و هاوكات له‌ نه‌ورۆزى ساڵى رابردودا زیاتر له‌ 65 هه‌زار گه‌شتیار روویان له‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانى سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ كرد و بۆیه‌ ئه‌مساڵیش پێشبینى هاتنى زیاتر له‌ 60 هه‌زار گه‌شتیار ده‌كه‌ین.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتوگوزارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى وت "ساڵانى رابردوو زۆرێك له‌و گه‌شتیارانه‌ى كه‌ ده‌هاتنه‌ سه‌رچاوه‌ى زه‌ڵم و هاوینه‌هه‌وارى ئه‌حمه‌دئاوا گه‌شتیارى عه‌رەب بوون كه‌ له‌ پارێزگاكانى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراقه‌وه‌ ده‌هاتن، به‌ڵام ئه‌مساڵ روون نییه‌ ئاخۆ چه‌ند گه‌شتیارى عه‌ره‌ب روو له‌ناوچه‌كه‌ ده‌كەن ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌و بارودۆخه‌ سیاسیه‌ى له‌ نێوان هه‌رێم و عێراقدا دروستبووه‌".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure