وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی: عەبادی راستگۆ نییە و راستگۆش نابێت

هەواڵ / کوردستان :: 21/03/2018‌ :: 337‌ جار بینراوە

تاگ :: پارتی

دواڕۆژ
وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، دەبوو حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق مووچەی وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی بە تەواوی بنێرێت و دەڵێت "ناردنی بەمشێوەیەی ئێستا وا تێدەگەین عەبادی لە بەڵێنەكانی راستگۆ نییە و راستگۆش نابێت".


رێناس جانۆ، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عیراق بەدواڕۆژی راگەیاند "ئەوەی ئێمە ئاگاداربین عەبادی بڕیاریدابوو مووچەی پەروەردە و تەندروستی بە تەواوی بنێرێت، بەڵام ناردنی بەمشێوەیەی ئێستا وا تێدەگەین عەبادی لە بەڵێنەكانی راستگۆ نییە و راستگۆش نابێت".

وتیشی "ماوەیەكی زۆرە ئەوان كار لەسەر ناردنی مووچەی ئەو دوو وەزارەتە دەكەن و سەرەتا عەبادی بیانووی ئەوەی گرتبوو كە دەبێت جەردی هەموو لیستی پەروەردە و تەندروستی بكرێت و چەند مانگێكە لیژنەكان خەریكن، ئەگەر گومانی گەندەڵی لە كوردستان هەبێت ئەوا لە هەموو عیراق گەندەڵی هەیە".

ئەوەشی وت "ئەگەر عەبادی مەبەستی چاكسازی بێت بۆچی تەنها بیانوو بە كوردستان دەگرێت؟ كە بەڵێنیشی دابوو دوای چاكسازی و پاكسازی لە مووچەی پەروەردە و تەندروستی دەبوو مووچەی تەواویان بۆ بنێرێت، بۆچی بە تەواوی نەینارد؟ بۆیە ئەو پرسیارە دەبێت عەبادی وەڵام بداتەوە تا بزانین چەند راستگۆیە".

شەوی 18ی ئازاری 2018 حكومەتی عیراق 317 ملیار دیناری بۆ مووچەی وەزارەتەكانی هەرێمی كوردستان نارد، حكومەتی هەرێمیش رایگەیاند، ئەو پارەیە بەشی مووچەی فەرمانبەران ناكات بۆیە بەشێوەی پاشەكەوت دەیداتە هەموو وەزارەتەكان، بەو هۆیەشەوە كەرتی پەروەردە و تەندروستی دەستیان بە مانگرتن و خۆپیشاندان كردووە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure